ژمارەی دانیشتوانی شارەکانی باکووری کوردستان 17 ملیۆنى تێپەڕاندووە

بەگوێرەی ڕاپۆرتی فەرمیی حکومەتی تورکیا، ژمارەی خەڵکی باکووری کوردستان و دانیشتووانی باکووری کوردستان کە لە شارەکانی ئیستانبوڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر دەژین، گەیشتووەتە 24 ملیۆن و 383 هەزار و 243 کەس، کە %28.32ـی کۆی دانیشتووانی تورکیا دەکات. هەر بەگوێرەی ئامارەکە زیاتر لە پێنج ملیۆن کورد لە ئیستانبوڵ دەژین، ئەمە جگە لەو هاونیشتمانییانەى باکوورى کوردستان کەوا لە شارەکانى دیکەى تورکیا دەژین.

ڕاپۆرتى دەستەى ئامار

ڕۆژی دووشەممە، دەستەی ئاماری تورکیا، ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی ژمارەی دانیشتووانی تورکیا لە ساڵی 2025 بڵاوکردەوە.

ژمارەى دانیشتووان چەندە؟

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ژمارەی دانیشتووانی باکووری کوردستان و تورکیا 86 ملیۆن و 92 هەزار و 168 کەسن.

بەگوێرەی بەداواداچوونی کەناڵ8 کە پشتی بە ڕاپۆرتەکەی دەستەی ئاماری تورکیا بەستووە، ژمارەی دانیشتوانی شارەکانی باکووری کوردستان گەیشتووەتە 17 ملیۆن و 110 هەزار و 911 کەس.

ڕێژەى سەدى شارەکانى باکوورى کوردستان

بەو پێیەش، ژمارەی دانیشتوانی شارەکانی باکووری کوردستان 19.87%ـی دانیشتوانی تورکیا پێکدەهێنن.

کورد لە تورکیا دابەش بوون

کورد لە تورکیا تەنیا لە شارەکانی باکووری کوردستان نین، بەڵکو لە ماوەی چەند 100 ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەت لە سەدەی ڕابردوودا، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی باکووری کوردستان ڕوویان لە شارە تورکییەکان کرد یان بە زۆرەملێ گواسترانەوە بۆ شارە تورکییەکان.

5 ملیۆن کورد لە ئیستانبوڵ

هەر بەگوێرەی بەداواداچوونی کەناڵ8، لە کۆی 15 ملیۆن و 754 هەزار و 53 دانیشتووی ئیستانبوڵ، زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسیان، خەڵکی شارەکانی باکووری کوردستانن. واتە لە هەر سێ دانیشتوویەکی ئیستانبوڵ، کەسێکیان خەڵکی باکووری کوردستانە.

بەدواداچوونەکەمان دەریدەخات، لە کۆی پێنج ملیۆن و 910 هەزار و 320 دانیشتووی ئەنقەرە، کە دووەمین گەورەترین و قەرەباڵخترین شاری تورکیایە، 962 هەزار و 27 کەسیان، خەڵکی شارەکانی باکووری کوردستانن. واتە یەک لەسەر شەشی ئەنقەرە، خەڵکی باکووری کوردستانن.

لە ئیزمیر چەند کوردى لێیە؟

هاوکات لە کۆی چوار ملیۆن و 461 هەزار و 223 دانیشتووی ئیزمیر، کە سێیەمین گەورەترین و قەرەباڵخترین شاری تورکیایە، ملیۆنێک و 227 هەزار و 445 کەسیان، خەڵکی باکووری کوردستانن. بەو جۆرەش یەک لەسەر چواری شارەکە، خەڵکی باکووری کوردستانن.

28%تى کۆى دانیشتووانى تورکی پێکدەهێنن

بەو جۆرەش تەنیا ژمارەی خەڵکی باکووری کوردستان و ئەو هاونیشتمانییانەی باکووری کوردستان کە لە شارەکانی ئیستانبوڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر دەژین، 24 ملیۆن و 383 هەزار و 243 کەسن، کە دەکاتە %28.32ـی کۆی دانیشتووانی تورکیا.

هاووڵاتییانى بیانی ژمارەیان چەندە؟

لەبارەى ژمارەی دانیشتووانی بیانی کە لە تورکیا دەژین، ڕاپۆرتەکە دەریدەخات، 147 هەزار و 469 هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان و عێراق لە باکووری کوردستان و تورکیا دەژین. بەو جۆرەش، پاش هاوڵاتییانی تورکمانستان، زۆرترین دانیشتووی بیانی لە تورکیا، خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقن.