هاونیشتمانییەکی دهۆک: مووچەکەم 650 هەزارە و پسوڵەی کارەباکەم 783 هەزار دینارە
دوای هەولێر و سلێمانی، شەپۆلی گرانیی نرخی کارەبای نیشتمانی گەیشتە پارێزگای دهۆک و نیگەرانیی توندی هاونیشتمانییانی لێکەوتەوە. پسوڵە نوێیەکانی کارەبا کە لەم ماوەیەدا بۆ هاوبەشان گەڕاونەتەوە، بڕە پارەیەکی زۆری تێدایە کە بەشێکی زۆری هاووڵاتییان توانای دانەوەیان نییە و ئاماژە بەوە دەکەن نرخەکان بە شێوەیەکی نائاسایی بەرزبوونەتەوە.
پسوڵەیەک لە مووچەی مانگانە زیاتر
هاونیشتمانییەکی نیشتەجێی دهۆک کە مووچەی مانگانەکەی 650,000 دینارە، ڕایگەیاند کە تەنیا بۆ یەک مانگ بڕی 783,000 دینار پارەی کارەبای بۆ هاتووەتەوە. ئەم هاونیشتمانییە ئاماژە بەوە دەکات کە تێچووی کارەباکەی لە تەواوی داهاتی مانگانەی زیاترە، ئەمەش بارگرانییەکی دارایی گەورەی بۆ دروست کردووە و ناتوانێت ئەو بڕە پارەیە دابین بکات.
بڕینی کارەبا بەهۆی پێنەدانی پارە
بەهۆی ئەوەی هاوبەشان ناتوانن لە کاتی دیاریکراودا ئەو بڕە پارە زۆرەی بۆیان گەڕاوەتەوە بیدەن، فەرمانگەکانی کارەبا دەستیان کردووە بە بڕینی تەزووی کارەبا لە ماڵەکانیان. ئەو هاونیشتمانییەی دهۆک دەڵێت، پێش ئەوەی بتوانێت هیچ بڕە پارەیەک ڕادەست بکات، کارەباکەیان بڕیوە و لە ئێستادا بێ کارەبا ماوەتەوە، ئەمەش وەک ڕێکارێکی فشار بەرامبەر هاووڵاتییان بەکاردەهێنرێت.
10/02/2026