ئەمريکا تاوتوێی دەستبەسەرداگرتنی 20 کەشتی نەوتی ئێران دەکات

یەکێک لە کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوتی ئێران
یەکێک لە کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوتی ئێران

ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای کردووە، بەرپرسانی ئەمریکا تاوتوێی دەستبەسەرداگرتنی 20 کەشتیی نەوتی دەکەن کە نەوتی ئێرانیان گواستووەتەوە. ئەم هەنگاوە وەک فشارێکی نوێی واشنتن دەبینرێت بۆ سەر تاران تاوەکو ناچاری بکەن بگاتە ڕێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا.

ناردنی کەشتیگەلی نوێی جەنگی بۆ ناوچەکە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی ئەکسیۆس ڕایگەیاند، کەشتیگەلێکی جەنگی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەیە و ئەگەری ناردنی کەشتیگەلێکی دیکەش هەیە. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێستا بە جددی بیر لە ناردنی کەشتییەکی دیکەی فڕۆکەهەڵگر دەکەنەوە بۆ ناوچەکە بە مەبەستی چڕکردنەوەی فشارە سەربازییەکان.

نیگەرانییەکان لە کاردانەوەی تاران و نرخی نەوت

بەپێی ڕاپۆرتەکەی واڵ ستریت جۆرناڵ، بەرپرسانی ئەمریکا دوودڵن لە جێبەجێکردنی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکان، چونکە مەترسیی تۆڵەسەندنەوەی ئێران و بەرزبوونەوەی کتوپڕی نرخی نەوتیان هەیە لە بازاڕە جیهانییەکاندا. جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان دەبێت.

سزاکانی وەزارەتی گەنجینە و ئامانجە داراییەکان

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەمساڵدا سزای بەسەر زیاتر لە 20 کەشتیی گواستنەوەی نەوتی ئێراندا سەپاندووە، کە ئەمەش ڕێگەی یاسایی بۆ دەستبەسەرداگرتنیان خۆش دەکات. ئەمریکا پێشتر ئەزموونی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکانی ئێرانی هەبووە لە کاتی گواستنەوەی نەوت بۆ ڤەنزوێلا، ئامانجی سەرەکیش لەم هەنگاوانە بڕینی سەرچاوە داراییەکانی تاران و کەمکردنەوەی داهاتەکانییەتی.