بێگەرد تاڵەبانی: پێشنیازمان کردووە فێستیڤاڵی هەنار لە بەسرە و خورما لە هەرێمی کوردستان بکرێت

بێگەرد تاڵەبانی وەزیرى کشتوکاڵ سەردانى پارێزگاى بەسرەى کرد
بێگەرد تاڵەبانی وەزیرى کشتوکاڵ سەردانى پارێزگاى بەسرەى کرد

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای بەسرەی کرد و لەگەڵ ئەسعەد عێدانی، پارێزگاری بەسرە کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا پێشنیاز کرا فێستیڤاڵی هەنار بۆ بەرهەمی هەرێمی کوردستان لە بەسرە ئەنجام بدرێت، هاوکات فێستیڤاڵێکی تایبەت بە خورمای بەسرە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ڕێکبخرێت.

پاڵپشتیی بەرهەمی جووتیاران

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییە کشتوکاڵییەکانی نێوان هەردوولا کرا. جەخت لەسەر پێویستیی پاڵپشتیکردن بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کرایەوە، هەروەها باس لە لابردنی ئەو بەربەست و ڕۆتینە ئیدارییانە کرا کە ڕێگرن لەبەردەم جموجۆڵی بازرگانی و گواستنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە نێوان هەردوولادا.

هەماهەنگی و بەبازاڕکردن

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، وەزیری کشتوکاڵ و پارێزگاری بەسرە هاوڕابوون لەسەر فراوانکردنی ئاستی هەماهەنگییەکان. لەو چوارچێوەیەدا داواکرا گرنگیی زیاتر بدرێت بە دامەزراندنی کۆمپانیایەکی هاوبەش بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی کار و ئاسانکاری بۆ گەیاندنی بەرهەمی جووتیاران بە بازاڕەکانی هەردوولا.