لە 21 ملیۆن لیتر تەنیا چوار ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە بەغدادەوە نێردراوە بۆ سلێمانی
دابەشکردنی نەوتە 31 هەزارییەکەی بەغداد لە سەنتەری شارەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەڵام لەبەر کەمیی ئەو بڕەی لە بەغدادەوە ڕۆژانە دێت پرۆسەی دابەشکردنە بە خاوی بەڕێوەدەچێت.
پشکی سلێمانی و هەڵەبجە 21 ملیۆن لیتر نەوتی سپییە
سەلام عومەر، سەرپەرشتیاریی دابەشکردنی نەوتی سپی لە سلێمانی بەکەناڵ8ـی ڕاگەیاند:" تاوەکو ئێستا نزیکەی چوار ملیۆن لیتر نەوت هاتووە، لە کاتێکدا پشکی شاری سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 21 ملیۆن لیترە، بەمەش مەڵبەندەکانی 1،2،3 و4 نەوت وەردەگرن لە گەڕەکەکانی( ئازادی، گۆیژە، تویمەلیک، هەوارە بەرزە، مەجید بەگ، ئیسکان و ئیبراهیم پاشا).
هاونیشتمانیان دەتوانن خۆیان نەوتەکەیان وەربگرن
سەرپەرشتیاریی دابەشکردنی نەوتی سپی لە سلێمانی گوتیشی:" هەر هاونیشتمانییەک کە لەمەڵبەندەکانی یەک و دوو سێ و چوار بێت دەتوانێت خۆی لەو گەڕەکانەی نەوتی لێدابەشدەکرێت وەریبگرێت".
شەش بەنزیخانە تەرخانکراون بۆ دابەشکردنی نەوت
ئەوە لەکاتێکدایە شێوازی پرۆسەی دابەشکردنەکە لە هەولێر جیاوازە و بەگوێرەی مەڵبەند نییە بەڵکو بەگوێرەی گەڕەکەکانە و شەش بەنزینخانەش تەرخانکراوە بۆ دابەشکردن.
پشکی پارێزگای هەولێرە 15 ملیۆن لیتر نەوتی سپییە
سالار محەممەد، بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوتی هەولێر بەکەناڵ8ـی گوت:" پشکی پارێزگاکە 15 ملیۆن لیترە، تاوەکو ئێستا پێنج ملیۆن لیتری هاتووە، لەوبڕە 65 هەزار هاونیشتمانیی سوودمەندبوون".
دابەشکردن بە سستی بەڕێوەدەچێت
بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوتی هەولێر گوتیشی:" لەبەغدادەوە ڕۆژانە تەنیا 72 هەزار لیتر دێت ئەمەش وایکردووە پرۆسەی دابەشکردنەکە بە سستی بەڕێوەبچێت".
نەوتەکەی بەغداد
ئەو نەوتەی دابەشدەکرێت بەغداد دابینی دەکات بڕەکەی بۆ هەموو هەرێمی کوردستان 50 ملیۆن لیترە، هەر ماڵێک 100 لیتری پێدەدرێت بە نرخی 31 هەزار دینار.
نەوتەکەی هەرێمی کوردستان
ئەو نەوتەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دابینی دەکرد و بڕەکەی 200 لیتر بوو بە 104 هەزار دینار بوو تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشکراوە و بەگوێرەی بەدواداچوونی کەناڵ8 لە سەنتەری شارەکان دابەشناکرێت.
12/02/2026