یاریگای چۆڵ و شاشەی قەرەباڵغ

هاوڕێ شەریف

ئێوارەیەک پیاسە بەناو شەقامەکانی شاردا بکە؛ دەبینیت کافترییاکان پڕن لەو گەنجانەی بە جۆش و خرۆشەوە هاوار بۆ "ڕیال مەدرید" یان "بەرشەلۆنە" دەکەن، دەمەقاڵێ دەکەن و تەنانەت لەسەر یانە ئەوروپییەکان دەبێتە شەڕیان. بەڵام کاتێک یانەیەکی شارەکەی خۆیان، یان یانەیەکی گەورەی کوردستان یاریی هەیە، یاریگاکان لەبری هاواری هاندەر، "دەنگی بێدەنگی" تێدا دەبیسترێت. ئەم پارادۆکسە وەرزشییە پرسیارێکی جەوهەری دەوروژێنێت: بۆچی هاندەری کورد لە ئامێزی نیشتمان هەڵدێت و لە تەم و مژی ئەوروپادا خۆی دەدۆزێتەوە؟

. نه‌بوونی "پڕۆژە" و جێگیرنەبوونی ئاستهاندەر بەدوای چێژ و سەقامگیریدا دەگەڕێت. یانە ئەوروپییەکان تەنیا تیمێکی تۆپی پێ نین، بەڵکو دامەزراوەی زەبەلاح و پڕۆژەی درێژخایەنن. لە بەرامبەردا، زۆربەی یانەکانی کوردستان بەدەست بێ پلانی و گۆڕانی بەردەوامی ڕاهێنەر و یاریزانەوە دەناڵێنن. کاتێک هاندەر دەبینێت یانەکەی تەنیا بۆ وەرزێک بەهێزە و دواتر بەهۆی "بێ بودجەیی" یان "کێشەی کارگێڕی" دادەماڵرێت، متمانەی نامێنێت و پەنا دەباتە بەر ئەو شوێنەی کە "بەردەوامی" تێدایە.

ژێرخانی وەرزشی و خزمەتگوزاری یاریگا لە ئەوروپا وەک "شانۆ"یە؛ کاتێک هاندەر دەچێتە یاریگا، ڕێزی لێ دەگیرێت، شوێنی دانیشتنی پاکە، و خزمەتگوزاری تەواوی هەیە. بەڵام لە زۆرینەی یاریگاکانی ئێمەدا، هاندەر دەبێت لەژێر خۆڵ و تۆز، یان باران و سەرما، لەسەر کورسییەکی شکاو دابنیشێت. کاتێک چوون بۆ یاریگا لەبری ئەوەی "چێژ" بێت، ببێتە "ماندووبوون"، مرۆڤ شاشەی تەلەفزیۆنەکەی ماڵەوەی پێ باشترە.

بازاڕکردن (Marketing) و پەیوەندیی سۆزداری یانە ئەوروپییەکان دەزانن چۆن بچنە ناو ماڵ و مێشکی گەنجانەوە. ئەوان درێس، چیرۆکی یاریزانەکان، و مێژووەکەیان دەفرۆشنەوە. لە کوردستان، یانەکان زۆر کەم کار لەسەر "براند" و ڕاکێشانی گەنجان دەکەن. گەنجی ئێمە ناوی یاریزانە یەدەگەکانی "مانچستەر سیتی" دەزانێت، بەڵام لەوانەیە ناوی کاپتنی یانەی شارەکەی خۆی نەزانێت، چونکە میدیای وەرزشی و کارگێڕی یانەکان نەیانتوانیوە ئەو "پردە سۆزدارییە" دروست بکەن.
ئاستی تەکنیکی و جادووی شاشە ناتوانین نکوڵی لەوە بکەین کە تۆپی پێی مۆدێرن بووەتە زانست. ئەو جادوو و خێراییەی لە خولە ئەوروپییەکاندا هەیە، چاوی بینەری کوردی "تێر" کردووە. کاتێک بینەر ڕادێت لەسەر بینینی بەرزترین ئاستی تەکنیکی، زەحمەتە بتوانێت سەیری یارییەک بکات کە تێیدا تۆپ زیاتر لە هەوادایە و یاریزانەکان بەردەوام خەریکی ناڕەزایەتین لەبەرامبەر ناوبژیوان.
وەرزش وەک ڕاکردن لە واقیعبۆ زۆرێک لە گەنجانی کوردستان، هاندانی یانەیەکی ئەوروپی جۆرێکە لە "سەفەری خەیاڵی". گەنجەکە دەیەوێت بۆ ٩٠ خولەک لە کێشە و گرفتەکانی ژیانی ڕۆژانەی داببڕێت و خۆی بە بەشێک لە جیهانێکی پێشکەوتوو بزانێت. ئینتیمای ئەو بۆ یانەیەکی بیانی، قەرەبووی ئەو کەلێنە دەروونییانە دەکاتەوە کە لە واقیعدا هەیەتی.

"یاریگای چۆڵ، نیشانەی بێ وەفایی هاندەر نییە، بەڵکو زەنگێکی مەترسیدارە بۆ کارگێڕی یانەکان کە تێبگەن هاندەر پێویستی بە ڕێز، چێژ، و پڕۆژەی ڕاستەقینە هەیە

بۆ ئەوەی هاندەری کورد بگەڕێتەوە ناو یاریگاکانی کوردستان، پێویستمان بە "شۆڕشێکی کارگێڕی" هەیە پێش شۆڕشی تەکنیکی. تا ئەو کاتەی یانەکانمان وەک فەرمانگەی حکومی یان موڵکی کەسی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، کورسیی یاریگاکان هەر بە چۆڵی دەمێننەوە و گەنجەکانیشمان هەر بە "نامۆیی" لەبەردەم شاشەکاندا بۆ مێژووی وڵاتانی تر دەگریەن و پێدەکەن.