وەزارەتى دادى عێراق: 5 هەزار و 64 داعش لە سووریاوە گوازراونەتەوە

کەناڵ8 13/02/2026
لۆگۆی وەزارەتی دادی عێراق
لۆگۆی وەزارەتی دادی عێراق

وەزارەتى دادى عێراق، وردەکارى نوێ لەبارەى ژمارەى زیندانییانى گواستراوەى داعش لە سووریاوە بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار زیندانى گواستراونەتەوە کە زۆرینەیان سوورین.

ڕێکاری حکومیی پارێزراو

ئەحمەد لعێبى، گوتەبێژى وەزارەتەکە بە ئاژانسى هەواڵى عێراقى گوتووە "لە ڕێکارێکى حکومى پارێزراودا زیندانییانى داعش لە سووریاوە بۆ عێراق دەگوازرێنەوە، تاوەکو ئێستاش پێنج هەزار و 64 زیندانى گواستراونەتەوە کە 270یان عێراقى و زیاتر لە سێ هەزاریان سووریین، ئەوانى دیکەش ڕەگەزنامەى جیاوازیان هەیە".

خراونەتە گرتووخانە

گوتەبێژى وەزارەتى داد، ڕوونیشیکردەوە، سەرجەم زیندانییەکان خراونەتە یەک گرتووخانە، بەگوێرەى یاساى عێراقى لێکۆڵینەوە و دادگایی دەکرێن.

لەسەر داوای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی

ئەحمەد لعێبى، جەختیشیکردەوە، عێراق ئەندامێکى سەرەکییە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیى دژى داعش، وەرگرتن و زیندانیکردنى چەکدارانى داعش لەسەر داواى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى بووە.

خەرجییان لە ئەستۆی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە

بەگوتەى ئەحمەد لعێبى، خەرجى خواردن و خواردنەوەى زیندانییەکان لە ئەستۆى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە نەک عێراق.

کەناڵ8

13/02/2026