پڕۆژەی هەژماری من و خزمەتگوزارییەکانی لە بەدواداچوونێکی کەناڵ8 دا

لۆگۆی هەژماری من
لۆگۆی هەژماری من

بەدواداچوونەکانی کەناڵ8

یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی کاری میدیایی بەدواداچوونە، بەدواداچوون بۆ ڕووداوێک، یان هەواڵێک یان ڕاگەیاندنی پرۆژەیەک، کە پەیوەندیی بە ژیانی خەڵکەوە هەبێت، ئێمە لە کەناڵ8 هەموو جارێک جەخت لەم ئەرکە دەکەینەوە، واتە ئەمڕۆ پرۆژەیەک ڕابگەیێنرێت و وەکو هەواڵ مامەڵەی لەگەڵ بکەین، ئەوە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین دوای ماوەیەک خۆمان وەک بابەتی میدیایی بەدواداچوونی بۆ بکەین بزانین ئەوەی کاتی خۆی لەبارەیەوە وتراوە جێبەجێ بوو یان نا. ئینجا یەکێک لە کارە بەدواداچوونەکانی ئەمڕۆمان، کە ژووری هەواڵی کەناڵ8 بەدواداچوونی بۆ کردووە، بابەتی لە باش بەڕێوەچوونی یان خراپ بەڕێوەچوونی پرۆژەی هەژمارى منە، پرۆژەیەکی دیکەی نووسینگەی مەسرور بارزانی.

 دەیان جۆر ڕیکلام و بانگەشە

 ئەم پڕۆژەیەى نووسینگەى سەرۆکى حکومەت، سەرەتا و تاوەکو ئێستاش میدیاکانى پارتى و نزیک لەو حیزبە، بە دەیان جۆر ڕێکلام و بانگەشەیان بۆ دەکرد، وا پیشاندەدرا کە ئیتر ئەمە باشترین سیستمى بانکیی جیهانییە و هەر مووچەخۆرێک کارتێکى بانکیی هەژمارى منى لە گیرفاندا بێت، ئیتر حاکمی بەڕو بەحرە و ئەمپەڕ بۆ ئەوپەڕی دنیای پێ ئەکات بەبێ ئەوەی پێویستی بە 250 دیناری کاش بێت لە گیرفانیا.

 لە قەلیش بوون و لە کۆترانیش

بۆچى پرۆژەکە وا دەرچوو، کە وەک خەڵکی هەولێر دەڵێن، لە قەلیش بوون و لە کۆترانیش. ئێستا و پاش سێ ساڵ ئەم پڕۆژەى هەژمارى منە، جگە لە وەرگرتنى مووچە، هیچی تری پێناکرێت، ئەویش چ مووچەیەک کە هەمووتان دەزانن چۆنە. وەزعی جیهازەکانیشی ئەوەی پێی دەڵێن ئەی تی ئێم لەوەلاوە بووەستێ کە ئێستا جارێک پارەى ناو ئەى تى ئێمەکان با دەیبات و دە جار پارە ناخرێتە ناوی و سەدجاریش جیهازەکانى ڕاکێشانى پارە تووشى گرفتى تەکنیکى دەبن.

 خەڵکی لەسەرەی بانکەکانەوە ناردووەتە سەر شەقامەکان

یەکێک لە خاڵەکانی ئەم پرۆژەی هەژماری منە ئەوە بوو کە گوایە قەرەباڵخی لە سەرەی مووچەی مانکەکان نەهێڵێ، ئەشهەدوو ڕاستە ڕەنگە ئەمەی کردبێ، بەڵام خۆ ئەوەنەبێ کارئاسانی کردبێ، خەڵکی لە سەرەی بانکەکانەوە ناردووەتە سەر شەقامەکان، جاران ئەگەر خەمی ئەوە بوایە خانەنشینێکی بەتەمەن لە سەرەی مووچەدا بێهۆش نەبێت، ئێستا ئەبێ دەستمان لەسەر دڵمان بێت لەسەر شەقام و لەبەردەم قەرەباڵخی ئەی تی ئێمەکانی سەر شەقام سەیارەیەک لێیان نەدات.

 هەژماری من لە ناوچە کەنارەکان

ئەم هەژمارى منە، نەک هەر کارئاسانیی نەکرد، بگرە سەرئێشەى زۆرى بۆ مووچەخۆران دروستکرد، دەیان هەزار خانەنشینى شارستانى و سەربازیی هەن، لێی نازانن، دەیان قەزا و ناحیە هەیە، بە هەزاران مووچەخۆرى تێدایە و تەنیا ئامێرێکى ڕاکێشانى پارەى تێدایە، یان هەر نییەتى، جاران کە ئەم سیستمە بانکییە نەبوو، مووچەخۆرێک لەو ناحیەى سموودى گەرمیانە، یان حاجیاوا و شۆڕشى چەمچەماڵ، یان ناحیەکانى باعەدرێ و گردەسێن، یان سرێشمە و دارەشەکران و دەیان شوێنى دیکە، مووچەکەى لەڕێگەى دوو بۆ سێ کەسەوە دەهێنرایە دائیرەکەى و لەوێ وەریدەگرت و نەعمەڵڵایەکیشى بۆ ئەکرد، کەچى ئێستا بەم سیستمە بەحساب پێشکەوتووەى هەژمارى من، ئەبێت دەیان کیلۆمەتر ببڕێت و ئینجا ئامێرى ئەى تی ئێمیش ئەڵێت ببورە پارەم تیانییە، یان کەسرى مووچەکەى ناداتێ، خۆ ئەزانن کەسر واتاى چییە؟ بۆ نموونە مامە حاجییەک دواى 30 ساڵ خزمەت، خانەنشین بووە و ئێستا مووچەکەى 457 هەزار دینارە، ئامێرەکە حەوت هەزارەکەى ناداتێ، هەندێک جار کەسرەکە تاوەکو 15 هەزاریش ئەڕوات، بۆ؟ بەخوا منیش نازانم!

 هەژماری من بێ خزمەتگوزارییە

هەژمارى من دوای سێ ساڵ تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە یەک خزمەتگوزارى بە مووچەخۆران بگەیەنێت، سەرەڕاى ئەوەى سەرۆکى حکومەت، لەسەرەتاى ڕاگەیاندنى پڕۆژەى هەژمارى من، وتى؛ "هەژمارى من ئاسانكاریی زۆر بۆ پێدانی مووچە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بانكی بە هاونیشتمانییان دەكات" ئادەی کوا؟ کامە یەکێکیان بڵێن!.

 هەژماری من چیی پێدەکرێت؟

بڕیار بوو لەڕێگەى کارتى بانکیى هەژماری منەوە، سەرجەم پێداویستییەکانی کڕین و باجدان و چەند شتی تریش ئەنجام بدرێت، بەڵام هیچى جێبەجێنەکراوە، بەڵام دیارە هەر نایشیکەن، چونکە ئەوەتا لەجیاتی ئەو کارانە بەم هەژماری منە بکرایە کە خۆیان دیعایەیان بۆ ئەکرد،  ئەوەتا هەر خۆتان بینیتان و بیستتان کە هەر نووسینگەى مەسروور بارزانى، ئیبداعێکی تازەیان کرد و پرۆژەی  ئى پسووڵەیان ڕاگەیاند، کە لەڕێگەى ئەم ئى پسوڵەوە کرێى کارەباو ئاو و شتی تر ئەدرێت. ئێ باشە ئیتر ئەم کارتی هەژماری منە و تەوتینەکە فەرقی چی بوو؟ خۆ هەر خۆتان ئەتانوت تەوتین بۆیە خراپە چونکە بەس مووچەی پێ وەردەگیرێ! ئەی بێزەحمەت ئێستا هەژماری من جگە لە سێ مانگ جارێک مووچە وەرگرتن چی تری پێ ئەکرێ؟.

 کوا 19 خزمەتگوزارییەکەی هەژماری من؟

بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، کە گەڕاوینەتەوە بۆ ئەو رێکلامانەی پێشتر بۆ ئەم پرۆژەیە ئەکرا، ئەیانوت لە پڕۆژەى هەژمارى من 19 خزمەتگوزاریى سەرەتایی بۆ بەشداربوو بەردەست دەبێت، هیچ جۆرە پێشینە و قەرزێکیان تێدا نییە، کەچی بەخوا هەمووی فشە دەرچوو. حەوت لە خزمەتگوزارییەکانی بە پارەن، لەوانە، وەرگرتنى مووچە، دروستکردنى کارت بۆ سێ ساڵ، دروستکردنى کارتى لەکارکەوتوو، دروستکردنى کارتى ونبوو، ڕاکێشانى پارە لە ئەى تى ئێمى بانکێکى دیکە، دەرکردنى ژمارەى نهێنى.هەروەها 12 خزمەتگوزاریى دیکەى هەژمارى من بێبەرامبەرن، لەوانە: کردنەوەى هەژمار، کرێى بەڕێوەبردنى هەژمارەکەت، کڕینى ئۆنلاین، کڕین لە خاڵەکانى فرۆشتن، نرخى نێوان لقەکان، دەرکردنى کارتى پێشوەختە، بانکى ئۆنلاین، ئەپى مۆبایل، ئاگادارکردنەوەى کورتە نامە و خزمەتگوزارى کڕین. کە تا ئەمانەشت بۆ ئەکەن سپێنەی چاوت ڕەش ئەکەن.

 لە دژی بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچە و پڕۆژی هەژمار من نیین

لە کۆتاییدا با ئەوەش بڵێین؛ وەڵا دژى بە ئەلیکترۆنیکردنى مووچە و پڕۆژەى هەژمارى من نیین و بڕواشناکەین کەس دژى بێت، بەڵام وەکو خۆیان گوتیان 19 خزمەنگوزاریی هەیە و دژى تەوتینن، چونکە تەنیا مووچەى پێ وەردەگیرێت، لەئێستادا هەژمارى من 19 کێشە زیاترى هەیە، ئەگەر بیژمێرین، نەک 19 خزمەنگوزاریی پێشکەش بە مووچەخۆر بکات. پرسیارێکیش کە زۆر بەکورتی بۆ نووسینگە داهێنەرەکەی سەرۆکی حکومەتی جێدەهێڵم ئەمەیە؛ فەرقی تەوتین و هەژماری من لە ئێستادا چییە؟ وەڵا حەزەکەم پرسیارێکی تریش بکەم؛ ئەم هەموو فیکرە عەجیبەتان بۆ ڕەتاندنەوەی خەڵک چۆن و لە کوێوە بۆ دێت؟