مەزڵووم عەبدی بۆ کەناڵ8: ناوچە کوردییەکان لە سووریا لە ڕووی سەربازی و ئیدارییەوە بەدەست کوردەوە دەبن
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە شاری میونشن لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا کۆبووەوە. عەبدی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ 8 ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا سوپاسی ڕۆڵی بەرچاوی سەرۆک ماکرۆنی کردووە لە پڕۆسەی ئاگربەست و ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق واژۆیان کردووە.
پێگەی کورد لە ناوچە کوردییەکانی سووریا
فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی لەوە کردەوە، ناوچە کوردییەکانی سووریا لە هەردوو ڕووی سەربازی و ئیدارییەوە هەر بەدەست کوردەوە دەبن. ئەم لێدوانەی عەبدی وەک دڵنیاییەک بوو بۆ داهاتووی بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە نوێیەکانی وڵاتی سووریادا.
بەڵێنەکانی فەڕەنسا بۆ بەردەوامیی پشتگیرییەکان
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە کۆبوونەوەکەدا بەڵێنیداوە کە پشتگیرییەکانی وڵاتەکەی بۆ کورد بەردەوام بن. ماکرۆن ستایشی ڕۆڵی هێزە کوردییەکانی کردووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، هەروەها پشتیوانیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەمی نێوان هەسەدە و دیمەشق دووپات کردووەتەوە.
جەختکردنەوە لە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی
هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەیان بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئیمانوێل ماکرۆن، جەخت لە پێویستیی بەردەوامیی پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان کراوەتەوە. ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی تەواوی خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا و پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد لەو وڵاتەدا.
14/02/2026