ئەمریکا ڕازییە بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق
ئەمریکا ڕازییە بەو پێشکەوتنانەی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا هاتوونەتە دی و داواشی لە ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا کردووە، ئەوپەڕی نەرمی بنوێنێت لە بەرامبەر داواکارییەکانی هەسەدە.
داوا لە شەرع کراوە نەرمی بنوێنێت
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی رۆژئاواییەوە بڵاویکردەوە، واشنتن داوای لە دیمەشق کردووە وەک پیشاندانی نیاز پاکی خۆی لە هەڵوێستی توند بەرامبەر کورد بپارێزێت و، جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی بە کورد قبوڵکراوە مادام ئەوە نابێتە هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتە بنەڕەتییەکانی حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق.
کێشە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە یەکلایی نەکراوەتەوە
لە بەرامبەردا بەرپرسانی حکومی و کەسایەتییە کوردەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، هێشتا کێشە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە یەکلایی نەکراونەتەوە، دیارترینیان، میکانیزمی تێکەڵکردنی شەڕڤانانی هەسەدە لە دامەزراوە سەربازییەکان و چارەنووسی چەکە قورسەكان و ڕێوشوێنەكانی پەیوەست بە دەروازەیەکی سنووری لەگەڵ عێراق، کە بە شادەمارێكی ئابووریی گرنگ دادەنرێت بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە.
پرۆسەی تێکەڵکردنەکە بێ کێشە بەڕێوەچوو
پڕۆسەی تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سووپا و هێزە ئەمنییەکان، لە پاش ڕێککەوتنەوە بەبێ پێکدادانی خوێناوی بەڕێوەچووە، لە کاتێکدا هەوڵەکانی هێزەکانی حکومەت بۆ چوونە ناو پارێزگای سوەیدای زۆرینەی دروزەکان لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو، شەڕ و توندوتیژیی خوێناوی لێکەوتەوە.
ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق
بە گوێرەی ڕێککەوتنی هەسەدە و حکومەتی سووریا کە لە 29ـی مانگی ڕابردوو واژۆ کرا، وەزارەتی بەرگریی سووریا فیرقەیەکی سەربازیی تایبەت بە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دروست دەکات و هێزەکانی هەسەدە لە سنووری پارێزگای حەسەکە دەکرێنە سێ لیوا و لەناو ئەو فیرقەیەدا جێگەیان دەکرێتەوە.
ڕەتکردنەوەی داوایەکی هەسەدە
بە گوێرەی سەرچاوە سەربازییەکان کە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان گوتوو، هەسەدە دەیەوێت بنکەیەکی سەربازیی لە جەبەل عەبدولعەزیز لە نزیک حەسەکە دروستبکات و چاودێریی دەروازەی ڕۆژئاوا و تونێلەکانی سنوورەکە بکات بەڵام حکومەتی دیمەشق ئەو داوایەی هەسەدەی ڕەتکردووەتەوە.
هەر بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە لە هەریەکە لە شارەکانی قامیشلۆ و حەسەکە 15 ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئەمنی جێگیر دەکرێن و لە ئێستاشدا دەستکراوە بە تێکەڵکردنی هێزە ئاسایش لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا.
14/02/2026