کۆمپانیایەک لە هەولێر ئامادەنییە وەڵامى حکومەت بداتەوە؛ ئامێری نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیای بردووە

"کۆمپانیای زاگرۆس لە هەولێر دوو ئامێرى نەخۆشخانەی بەرکەوتووانى چەکى کیمیایی بردووە"
"کۆمپانیای زاگرۆس لە هەولێر دوو ئامێرى نەخۆشخانەی بەرکەوتووانى چەکى کیمیایی بردووە"

د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە، ڕایگەیاند کۆمپانیایەکی حیزبی لە شاری هەولێر بەناوی "زاگرۆس"، ماوەی 14 ساڵە دەستی بەسەر بەشێک لە ئامێرە پزیشکییەکانی نەخۆشخانەی بەرکەوتووانى چەکى کیمیایدا گرتووە و ئامادە نییە بیانگەڕێنێتەوە.

بەڵێندەرەکە ئامێرەکانی بردووە

بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە بۆ کەناڵ8 ڕوونیکردەوە، کۆمپانیای ناوبراو 10 ئامێری پزیشکیی نەخۆشخانەکەی دابووە بەڵێندەرێکی ناوەندی، بەڵام بەهۆی ئەوەی کۆمپانیاکە شایستە داراییەکانی بەڵێندەرەکەی نەدابوو، بەڵێندەرەکە ئامێرەکانی بردبوو. هەرچەندە بە هەوڵی هێزە ئەمنییەکانی هەڵەبجە هەشت ئامێر گەڕێنرانەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دوو ئامێری سەرەکی و پێویست کە نرخەکەیان بە 136 هەزار دۆلار دەخەمڵێنرێت، لای کۆمپانیاکە ماونەتەوە و دیار نین.

کەموکوڕییەکانی نەخۆشخانەکە

جگە لە پرسی ئامێرەکان، د. ئازاد ئاماژەی بەوەکرد نەخۆشخانەکە بەدەست کەموکوڕییەکی زۆرەوە دەناڵێنێت لە بوارەکانی کارەبا، بەرزکەرەوە، ئاو و ئاوەڕۆ، سیستەمی ساردکردنەوە و گەرمکردنەوەدا.

کۆمپانیاکە پابەند نابێت

بەگوێرەى کۆنووسێکی لیژنەی هاوبەشی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی، دەبوو کۆمپانیاکە بە بڕی ملیارێک و 200 ملیۆن دینار ئەو کەموکوڕییانە چاک بکات، بەڵام کۆمپانیاکە پابەند نابێت و وەڵامی لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ناداتەوە. ئەوەش بە گوتەى د.ئازاد مستەفا.

حیزب ناهێڵێت دەستی کۆمپانیاکە  بشکێتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە ڕەخنەی توندی گرت و گوتی، "ئەم کۆمپانیایە ئەوەندە حیزبییە کەس ناتوانێت دەستی بشکێنێتەوە." هەروەها داوای کرد کۆمپانیای زاگرۆس بخرێتە "بلاک لیست" و ڕێکاری یاسایی توندی بەرانبەر بگیرێتەبەر، جەختیشی کردەوە کە ئەوان ڕێگرییان کردووە لەوەی حکومەت هیچ پارەیەک بداتە کۆمپانیاکە تا ئەو کاتەی تەواوی کێشەکان چارەسەر دەکات.