خوێندکارانی پەیمانگەی نۆڵچ: بەهۆی وەرگرتنی خوێندکار لە دەرەوەی پلان دان بە بڕوانامەکانماندا نانرێت
ژمارەیەک لە خوێندکارانی بەشە پزیشکییەکانى پەیمانگەی نۆڵج لە هەولێر لەدژی تۆمارنەکردنى ناویان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و سەندیکاى پزیشکان گردبوونەوە و دەڵێن، پەیمانگەکە فێڵى لێکردوون.
لە بریی 80 خوێندکار 230 خوێندکار وەرگیراوە
خوێندکارانی پەیمانگەی نۆڵج بە کەناڵ8ـیان گوت، لە وەزارەتى خوێندنى باڵا پێیان گوتراوە، پێویسبووە پەیمانگەکە تەنیا 80 خوێندکار وەربگرێت، بەڵام پەیمانگەکە 230 خوێندکارى وەرگرتووە، هەر خوێندکارێک کۆى نمرەکانى پۆلى 12ـى ئامادەیی سەروو 65 بێت، بڕوانامەکەى لە وەزارەت دانپێدانراوە و دەتوانێت ببێت بە ئەندامى سەندیکاى پزیشکان.
وەزارەت دان بە بڕوانامەکانیاندا نانێت
خوێندکارانی پەیمانگەی نۆڵج دەشڵێن، ئەوان لە قۆناغى کۆتایی پەیمانگەکەن و تەنیا سێ مانگ خوێندنیان ماوە و کرێی دوو ساڵ خوێندنیان داوە، لەم دوو ساڵەدا پەیمانگەکە پێی نەگوتوون ئەوان زیاتر لە 130 خوێندکاری زیاتریان لە پلانى وەزارەت وەرگرتووە، لەئێستاشدا وەزارەت دان بە بڕوانامەکانیاندا نانێت.
بێبەشبوون لە ئەندامێتیی سەندیکا
خوێندکارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی ئەم کێشەیەوە ناتوانن ببنە ئەندام لە سەندیکای پزیشکان. ئەوان تەنیا چەند مانگێکی کەمیان ماوە بۆ تەواوکردنی خوێندن، بەڵام ئێستا ڕووبەڕووی ئەم دۆخە بوونەتەوە و ئەو هەنگاوەی پەیمانگاکەیان وەک "ستەم و دزیکردن لە مافی خوێندکار" وەسف دەکەن.
بڕیاری بایکۆت و مەرجی گەڕانەوە
خوێندکارانی ناڕازی ڕایانگەیاندووە کە ئامادە نین بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن و بایکۆتی سەرتاسەریی وانەکانیان کردووە. ئەوان جەخت دەکەنەوە کە تاوەکو کێشەی بڕوانامەکانیان بە فەرمی چارەسەر نەکرێت و مافی ئەندامێتییان لە سەندیکای پزیشکان بۆ گەرەنتی نەکرێت، ناگەڕێنەوە بۆ خوێندن.
وەزیری خوێندنی باڵا: مافتان نەفەوتێت
دواى گردبوونەوەکە، موراد ئەحمەد، پەیامنێرى کەناڵ8، دەنگى خوێندکارەکانى گەیاندە وەزارەتى خوێندنى باڵا و ئارام محممەد وەزیری خوێندنی باڵا لە وەڵامی کەناڵ8ـدا ڕایگەیاند، دڵنیادەبنەوە لەوەی خوێندکارەکان مافیان نەفەوتێت.
"لەهەر پەیمانگە و زانکۆیەک لادان هەبێت بەیاسا ڕێکیدەخەبن"
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی باسی لەوەشکرد، ئەگەر هەر خوێندکارێک لەو پەیمانگایە بە نمرەی دروستی خۆی وەرگیرابێت و مامەڵەکانی یاسایی بێت و کێشەی نەبێت، ئەوا ناهێڵن مافی بفەوتێت.
15/02/2026