كێشەكانی ڕیاڵ مەدرید و تەحەدداكانی ئاربیلوا

دوای گۆڕانکارییە یەك لە دوای یەكەكان لە ستافی ڕاهێنەرایەتیدا، ڕیاڵ مەدرید هێشتا لە پرۆسەی دۆزینەوەی ناسنامەیەکی نوێدایە و کێشەکان بە تەواوی بنبڕ نەکراون.
گەورەترین ئاستەنگ لە ئێستادا، نەبوونی هاوسەنگییە لە نێوان هێرشبەرە ناودارەکاندا، جەنجاڵی لە لای چەپی هێرشبەر و ململانێی ناڕاستەوخۆ لەسەر ناوچەی باڵی چەپ، وایکردووە تیپەکە لە ڕووی جێگیربوونی شوێنەوە تووشی سەرلێشێواوی ببێت.

"هێڵی ناوەڕاست"


لە لایەکی ترەوە، کێشەی هێڵی ناوەڕاست لەدوای ڕۆیشتنی كرووس و مۆدریچ، هێشتا بەردەوامە، چونکە تیپەکە فۆرمێکی نوێی بۆ دروستکردنی هەل تاقی دەکاتەوە کە زۆر پشت بە خێرایی دەبەستێت نەک کۆنترۆڵی یاریگا.
لە ڕووی بەرگرییەوە، یانەکە بەدەست کەمیی یەدەگی کوالێتی بەرز دەناڵێنێت، بەتایبەت دوای ئەو پێکانە درێژخایەنانەی کە یاریزانە سەرەکییەکانی گرتەوە.

"هێشتا یاریزانانی ڕیاڵ مەدرید ڕا نەهاتوون"


ئەلڤارۆ ئاربێلوا هەوڵ دەدات سیستمێکی پەستانی بەکۆمەڵ جێگیر بکات، بەڵام یاریزانەکان هێشتا بەتەواوی لەگەڵ ئەو ڕیتمە توندەدا ڕانەهاتوون، ئەمەش بۆشایی گەورە لە پشت بەرگریکاران دروست دەکات.
جگە لەوەش، کاریگەری دەروونی و تێکچوونی متمانە بەهۆی هەندێك لە ئەنجامە خراپەکانەوە، هێشتا بەسەر سیمای هەندێک یاریزانەوە دیارە.

"ڕیاڵ مەدرید سەرکردەی نیە"


لە کۆتاییدا، کێشەی نەبوونی سەرکردەیەکی ناو یاریگا کە بتوانێت لە کاتە سەختەکاندا تیپەکە ڕێکبخاتەوە، یەکێکە لەو تەحەدییانەی ڕاهێنەری نوێ دەیەوێت بە گۆڕینی ڕۆڵی هەندێک یاریزان، چارەسەری بکات، چونكه‌ به‌ درێژایی مێژووى ڕیاڵ مه‌درید، سه‌ركرده‌یه‌كى له‌ نێو یاریگادا هه‌بوو، له‌ نمونه‌ى فیرناندۆ هیرۆ و زیدان و گوتى و سێرجیۆ ڕامۆس، به‌ڵام ئێستا له‌ ناو ژوورى خۆگۆڕین ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ نابینین.