دانا ئەحمەد مەجید بە ڕێکخەری گۆڕان هەڵبژێردرا

دانا ئەحمەد مەجید، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان
دانا ئەحمەد مەجید، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان

لەناو گرژى و ئاڵۆزى و بایکۆتى ئاڕاستەی گردى زەرگەتەدا، بە دەنگی ئامادەبووانی ناو هۆڵی کۆنفرانس، دانا ئەحمەد مەجید بەڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا.

بە زۆرینەی دەنگ دانا ئەحمەد مەجید هەڵبژێردرا

جوانڕۆ محەممەد، پەرلەمانتاری گۆڕان کە سەر بە ئاڕاستەى کوردساتە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەزۆرینەی دەنگ دانا ئەحمەد مەجید بە ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردراوە.

50 ئەندامی سەرکردایەتی _جڤاتى گشتى و نیشتمانى

ئاماژەی بەوەشکرد، پەیڕەوی بزووتنەوەکە هەندێک گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و لەناو کۆنفرانسەکەدا 50 ئەندامی سەرکردایەتی _جڤاتى گشتى و نیشتمانى_ پێنج ئەندامی یەدەگ هەڵبژێردراون.

گوێ لە دەرەوەی کۆنفڕانس ناگیرێت

جوانڕۆ محەممەد، گوتیشى "ئەوانەی ئەمڕۆ ئامادەی کۆنفرانس بوون دامەزرێنەری بزووتنەوەکە بوون و هەرچی کە لە دەرەوە بگوترێت گوێ لێنەگیراوە".

نیگەرانی ئاڕاستەی گردی زەرگەتە

لە بەرامبەردا بەشێک لە هەڵسوڕاوانی گۆڕان لە ئاڕاستەی گردى زەرگەتە کە لەلایەن کوڕانى نەوشیروان مستەفاوە ڕێبەرایەتى دەکرێت، لەناویاندا دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن هەیە، بایکۆتی کۆنفرانسەکەیان کرد و دەڵێن: سەرجەم هۆکارەکان بۆ ئەوەن بزووتنەوەی گۆڕان لەناوببرێت.

کۆمیسیۆن هەڕەشەی لە ئاڕاستەی گردەکە کردووە

کارزان گەردی، هەڵسوڕاوى ئاڕاستەى گردى زەرگەتە گوتى "وەک بەرەی دەستوور لەبەر چەند هۆکارێک و پێشێلکاری یاسایی بایکۆتی کۆنفرانسەکەیان کردووە و کۆمیسیۆن هەڕەشەی لە ئاڕاستەی گردەکە کردووە".

باسی لەوەشکرد، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی کۆمیسیۆن، کات و شوێنی کۆنفرانس، ڕێپێدراوى حیزب دیاری دەکات نەوەک کۆمیسیۆن کات و شوێن دیاریبکات، دەشڵێت ئەم هەنگاوە، دەرخەری ئەوەیە کە کۆمیسیۆن دەستێکی هەیە لەو بابەتەدا و لایەندارە.

"دانا ئەحمەد مەجید کێشەی یاسایی هەیە"

کارزان گەردی، کە قسەى بۆ میدیاکانى کرد لەبارەى ڕێکخەرى گشتییەوە، گوتى "ئێمە کێشەمان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە، بەڵام دانا ئەحمەد مەجید کێشەی یاسایی هەیە و بەتۆمەتی بەهەدەردانی داهاتی گشتی، شەش ساڵ زیندانی بۆ دەرچووە، بەڵام بە نایاسایی لێبووردنی بۆ دەرکراوە و بۆی نییە بەشداریی بکات لە ئەرکی حکومی یان هەر پۆستێکی دیکە".

پێشێلکارییەکی دیکە بەلای ئاڕاستەى گردى زەرگەتەوە ئەوەیە، عومەری سەید عەلی وادەی یاسایی خۆی بەسەرچووە و کە دەستیلەکارکێشاوەتەوە ئەوکات بە نایاسایی وەکالەتی بۆ دانا ئەحمەد مەجید کردووەتەوە هەربۆیە لەبەرامبەر ئەو خاڵانە ڕێکاری یاسایی دەگرنەبەر و سکاڵا تۆمار دەکەن.