نەخۆشیی ئەلزەهایمەر چارەسەری هەیە؟
ئەلزەهایمەر، نەخۆشییەکی مێشکە، دەبێتەهۆی لاوازبوونی یادگە، بیرکردنەوە، فێربوون و توانای رێکخستن. کاردەکاتە سەر توانای کەسەکە بۆ ئەنجامدانی کاری رۆژانە. ئەلزەهایمەر نەخۆشییەکی درێژخایەنە و تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی نییە.
نیشانەکان
نەخۆشیی ئەلزەهایمەر، چەند قۆناغێکی هەیە، نیشانەکانی بەگوێرەی قۆناغەکان دەگۆڕێن. جگەلە قۆناغەکان، نیشانەکانی نەخۆشییەکە بەگوێرەی کەسەکانیش دەگۆڕێن، پسپۆڕان باس لەوە دەکەن کە هیچ دوو کەسێکی توشبووی نەخۆشییەکە نیشانەکانیان وەکویەک نییە. بەگشتی، نیشانە سەرەتاییەکان ئەمانە دەگرێتەوە:
- زۆر ونکردنی کەلوپەل
- گرفت لە توانای چارەسەرکردنی کێشەکان
- گرفت لە توانای پلاندانان
- لاوازبوونی توانای دەربڕینی بیرەکان
لە قۆناغی ناوەندی ئەلزەهایمەردا، ئەم نیشانانە دەبینرێن:
- لاوازبوونی یادگە
- لەدەستدانی توانای زانینی کات و رۆژ
- نەناسینەوەی کەسە نزیکەکان
- دووبارەکردنەوەی قسەکان
- گرفت لە توانای هەژمارکردن، بۆنموونە ناتوانێت کەمکردنەوە و کۆکردنەوەی ژمارە بچووکەکان ئەنجامبدات
- گۆڕانی مەزاج و کەسایەتی، کەسەکە توڕەدەبێت، تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەبێت.
- لەوانەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی توانای راگرتنی میز و پیسایی
- تێکچوونی خەو
- ونبوون لە ناوچەیەک کە پێشتر پێی ئاشنا بووە
لە قۆناغی کۆتایی ئەلزەهایمەردا، هەموو ئەو نیشانانە دەبینرێن، بەڵام بە توندیی زیاتر.
نەخۆشیی ئەلزەهایمەر تووشی کێ دەبێت؟
ئەم نەخۆشییە زیاتر تووشی کەسانی سەروو 65 ساڵ دەبێت. هەندێکجار دەکرێت ئەلزەهایمەر لە 40 و 50ـکانی تەمەندا دەربکەوێت، بەڵام ئەمە باو نییە، تەنیا %10ی حاڵەتەکان بەم شێوەیەن.
هۆکاری توشبوون بە ئەلزەهایمەر چییە؟
ئەم نەخۆشییە بەهۆی کۆبوونەوەی هەندێک پرۆتینەوە دروستدەبێت لە مێشکدا. کەڵەکەبوونی ئەم پرۆتینانە دەبێتەهۆی مردنی خانەکانی مێشک. ئەم پرۆسەیە زۆر هێواش روودەدات، بۆیە نیشانەکانی نەخۆشییەکە بەرەبەرە دەردەکەوون. پزیشکان دەڵێن، نزیکەی دە ساڵ بەر لە دەرکەووتنی نیشانەکان، گۆڕانکاریی لە مێشکدا روودەدات.
ئایا نەخۆشیی ئەلزەهایمەر بۆماوەییە؟
مەرج نییە بوونی مێژووی خێزانیی، ببێتە هۆی نەخۆشییەکە، بەڵام مەترسیی توشبوون زیاددەکات. واتە ئەو کەسانەی لە خێزانەکەیاندا ئەم نەخۆشییەیان هەبووە، مەترسییان زیاتر لەسەرە بۆ توشبوون بە نەخۆشییەکە.
ئەلزەهایمەر چارەسەری هەیە؟
هیچ چارەسەرێکی یەکجاری نییە بۆ نەخۆشیی ئەلزەهایمەر، بەڵام کۆمەڵێک دەرمان هەیە بۆ ماوەیەکی کاتی بەرەوپێشچوونی نەخۆشییەکە هێواش دەکەنەوە. واتە دەرمانەکان رێگری لە بەرەوپێشچوونی نەخۆشییەکە و دەرکەوتنی نیشانەکانی ناکەن، تەنیا خاوی دەکەنەوە و وادەکەن کەسەکە درەنگتر دووچاری گرفتەکان ببێت.
ئەلزەهایمەر رێگری لێدەکرێت؟
هەندێک هۆکار هەیە مەترسیی توشبوون بە نەخۆشییەکە زیاددەکەن، بەڵام ناگۆڕێن. هەندێک هۆکاریش هەیە دەکرێت بگۆڕێن و رێگرییان لێبکرێت، بۆنموونە:
- خەمۆکی
- نەخۆشییەکانی دڵ و مێشک
- بەرزەفشاری خوێن
- بەرزیی چەوریی خوێن
- شەکرە
- جگەرەکێشان
- قەڵەوی
07/11/2023