جیاوازى نرخى زیو لەگەڵ بۆرسەى جیهانى کەمبووەتەوە

بڕێک زیو لە یەکێک لە دوکانەکانی سلێمانی
بڕێک زیو لە یەکێک لە دوکانەکانی سلێمانی

ئازاد عومەر، خاوەنی زێڕنگەری لاوێز لە بازاڕی سلێمانی ڕایگەیاند، ئێستا جیاوازیی نرخی زیو لە نێوان هەرێمی کوردستان و بۆرسەی جیهانی کەمبووەتەوە. ئاماژەی بەوە کرد کە نرخی 1 کیلۆ زیو لە بازاڕەکانی ناوخۆدا لە نێوان 2,750 دۆلار بۆ 2,800 دۆلار دایە، لە کاتێکدا لە بۆرسەی جیهانی هەمان بڕ بە نزیکەی 2,500 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

هۆکارەکانی زۆربوونی خستنەڕووی زیو لە بازاڕدا

ئەو زێڕنگەرە هۆکاری کەمبوونەوەی جیاوازیی نرخەکەی بۆ هەبوونی بڕێکی زۆری زیو لە بازاڕەکاندا گەڕاندەوە و ڕایگەیاند، هاونیشتمانیان ئەو زیوەی پێشتر کڕیویانە ئێستا دەیفرۆشنەوە. باسی لەوەش کرد کە کڕیاران ئارامییان نییە بۆ ئەوەی زیو بۆ ماوەی 6 مانگ یان زیاتر لای خۆیان بهێڵنەوە و دەیانەوێت لە ماوەیەکی کەمدا قازانجێکی زۆر بکەن، بەڵام جەختی کردەوە کە مامەڵەکردن بە زیو یان زێڕ پێویستی بە کات هەیە.

پێشبینییەکان بۆ داهاتووی نرخی زیو

ئازاد عومەر پێشبینی کرد تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 نرخی ئۆنسەیەک زیو لە بۆرسەی جیهانی بگاتە زیاتر لە 150 دۆلار، لە کاتێکدا ئێستا بە زیاتر لە 75 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. هەروەها ڕوونی کردەوە کە تاوەکو ڕێککەوتی 1ـی ئازار و کردنەوەی بازاڕەکانی وڵاتی چین، گۆڕانکاریی زۆر لە نرخەکاندا ڕوونادات، بەڵام پاش دەستپێکردنەوەی مامەڵەکان لە چین، گۆڕانکاریی گەورە لە نرخەکاندا دروست دەبێت.