مارکۆ ڕوبیۆ: پێدانی ڤیزا بە 18 بەرپرسی ئێرانی کە لە پێشێلکارییەکان تێوەگلاون سنووردار دەکەین
ئەمریکا سزای بەسەر 18 بەرپرسی ئێرانیدا سەپاند، ئەم بڕیارە وەک کاردانەوەیەک دێت بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ناوخۆی ئێران. هۆکاری سەرەکیی سەپاندنی ئەم سزایانە بۆ تێوەگلانی ئەو بەرپرسانە دەگەڕێتەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ناوخۆی وڵاتەکەدا.
سەرکوتکاریی خۆپیشاندەران و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان
وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی مانگی 12 و 1ـدا، دەسەڵاتدارانی ئێران توندوتیژی و سەرکوتکاریی توندیان بەرامبەر بە دەیان هەزار هاووڵاتی بەکارهێناوە. بەپێی ڕاگەیێنراوەکە، تاران تاوەکو ئێستا بەردەوامە لە بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و ڕێگری لە مافی کۆبوونەوەی ئاشتیانەی هاووڵاتییان دەکات.
سنووردارکردنی ڤیزا بۆ بەرپرسان و خێزانەکانیان
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕێکاری یاسایی گرتووەتەبەر بۆ سنووردارکردنی پێدانی ڤیزا بەو 18 بەرپرس و سەرکردەیەی ئێران کە لە کەرتی پەیوەندییەکاندا کار دەکەن. ئەم سزایانە تەنیا بەرپرسەکان ناگرێتەوە، بەڵکو ئەندامانی نزیکی بنەماڵەکانیشیان دەگرێتەوە، بەو پێیەی گومانی بەشداربوونیان لێدەکرێت لە پێشێلکردنی مافی ئازادیی ڕادەربڕین و کۆبوونەوەی ئاشتیانە.
بەردەوامیی لێپرسینەوە لە پێشێلکارانی مافی مرۆڤ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کردووە کە تاوەکو ئێستا 58 کەسایەتی و سەرکردەی ئێرانی خراونەتە لیستی سزاکانەوە. واشنتن جەخت لەوە دەکاتەوە، بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی هەموو ئامڕازە بەردەستەکان تاوەکو ئاشکراکردن و لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن.
19/02/2026