ڕاپۆرتە میدیاییەکان: شارەکانی کەربەلا و ئەنبار و دیالە لە لیستی پیسترین شارەکانی جیهاندا دەرکەوتوون
پیسبوونی ژینگە لە عێراق بووەتە دۆخێکی سەرتاسەری و ملیۆنان هاووڵاتی بەدەستییەوە دەناڵێنن، لە ساڵی 2024ـدا تێکڕای پێوەری کوالێتیی هەوا (AQI) لە بەغداد ئاستی 113ـی تۆمار کردووە کە بە "نا تەندروست" پۆلێن دەکرێت، بەتایبەت بۆ ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، هاوکات شارەکانی کەربەلا، ئەنبار و دیالە چەندین جار لە لیستی پیسترین شارەکانی جیهاندا دەرکەوتوون.
سەرچاوەکانی پیسبوون و سووتانی گاز
بەپێی زانیارییەکان سووتاندنی گاز لە کاتی دەرهێنانی نەوتدا عێراقی خستووەتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین گاز دەسووتێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی دەرچوونی بڕێکی زۆر لە ماددە وردەکان و دووەم ئۆکسیدی گۆگرد، جگە لەوەش پچڕانی کارەبا بووەتە هۆی کارکردنی دەیان هەزار مۆلیدە و زۆریی ئۆتۆمبێلە کۆنەکانیش دووکەڵێکی زۆر بۆ هەوا زیاد دەکەن.
مەترسییە تەندروستییەکان و ڕاپۆرتەکانی 2025
ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ ساڵی 2025 ئاشکرایان کردووە، ڕێژەی داخلبوونی نەخۆشخانەکان بەهۆی ڕەبۆ، هەوکردنی بۆرییەکانی هەوا و نەخۆشییەکانی دڵ زیادیکردووە، بەشێکی ئەو نەخۆشانە تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 30 ساڵدایە و هەرگیز جگەرەیان نەکێشاوە، بەڵام بەهۆی هەوای پیسەوە سییەکانیان هاوشێوەی کەسانی بەتەمەن کار دەکات، هەروەها مۆدێلە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەوای پیس لە عێراق پەیوەندیی بە دەیان هەزار حاڵەتی مردنی پێشوەختەوە هەیە.
قەیرانی خۆڵ و خاشاک
عێراق ساڵانە نزیکەی 23 ملیۆن تۆن زبڵ بەرهەم دەهێنێت، بەڵام تەنیا نزیکەی 11 ملیۆن تۆنی بەشێوەیەکی فەرمی کۆدەکرێتەوە، بڕەکەی دیکەی دەسووتێنرێت یان دەڕژێتە ناو ڕووبارەکان و شوێنە نافەرمییەکان، ئەمەش وایکردووە دووکەڵی ژەهراوی لە زبڵدانەکانەوە بەرزبێتەوە و هەوای گەڕەکەکان پیس بکات.
دۆخی ژینگە لە هەرێمی کوردستان
لە هەرێمی کوردستانیش دۆخەکە هاوشێوەی عێراقە و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان نەبوونی سیستەمێکی گواستنەوەی گشتیی گونجاوە، هاوکات نەبوونی پلانی تۆکمە بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لەلایەن وەزارەتەکانی بازرگانی و پلاندانانەوە وایکردووە ئێستا بە ملیۆنان ئۆتۆمبێل لە هەرێم هەبن کە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر پیسبوونی هەوا دروستکردووە.
19/02/2026