دوو گەنجی سلێمانی: سیستمێکمان داهێناوە غازی ماڵان و کارگەکان پاک دەکاتەوە

کەناڵ8 19/02/2026

دوو گەنجی شاری سلێمانی پڕۆژەیەکی ژینگەییان خستووەتەڕوو کە تیایدا دەیانەوێت لە ڕێگەی سیستمێکی نوێوە پاککردنەوە و فیلتەرکردنی هەوا ئەنجام بدەن، ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکەش کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگەیە لەڕێگەی تەکنەلۆژیاوە.

گۆڕینی گاز بۆ ئۆکسجین

سیستمەکە بە جۆرێک دیزاین کراوە کە توانای هەیە گازی کاربۆن و گازی شل (LPG) فیلتەر بکات و پاکی بکاتەوە، بەپێی وتەی کاسۆ زانا کە یەکێکە لە خوێندکارەکان، ئەم داهێنانە دەتوانرێت بە ئاسانی لەناو ماڵ و کارگەکاندا جێگیر بکرێت و بۆ پاککردنەوەی هەوا سوودی لێ وەربگیرێت.

بەکارهێنانی وزەی خۆر

تایبەتمەندییەکی دیکەی سیستمەکە ئەوەیە کە دۆستی ژینگەیە و بۆ کارکردنی پشت بە سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە دەبەستێت، بە دیاریکراوی وزەی خۆر بەکاردەهێنێت، ئەمەش وادەکات تێچووی وزە کەمبێتەوە و زیانی لاوەکی بۆ ژینگە نەبێت.

کەناڵ8

19/02/2026