کاسپەر و داڵتۆنەکان؛ شەڕی خوێناویی گرووپە چەکدارە نوێیەکانی تورکیا
تاوەکو دێت دەرکەوتنی گرووپە تاوانکارییە تازە پێگەیشتووەکانی تورکیا زیاتر دەبن و پێکدادانەکانی نێوانیشیان بەردەوامە، لە نوێترین ئۆپراسیۆن دژی یەکێک لە گرووپەکان کە بە "کاسپەرەکان" ناسراوە، ژمارەیەکیان دەستگیرکران کە بەشێکیان پۆلیسن و دەستیان لەگەڵ گرووپەکەدا تێکەڵکردووە.
گرووپى تاوانکارییە
ماوەی چەند ساڵێکە گرووپێک، کە بە گرووپی تاوانکاری چەکداری نەوەی نوێ ناسراون و لە ڕایگشتیی تورکیا بە "کاسپەرەکان" ناویان دەبرێت، تاوەکو دێت بەهێزتر دەبن و ئەندامانەکانیان زیاتر دەکەن.
بەشێک لە کاسپەرەکانی تورکیا دەستگیرکران
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی داواکاریی گشتیی ناوچەی بەکر کۆیی ئیستانبوڵ، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ سەر گرووپەکە کە لە نۆی ئەم مانگە بەڕێوەچووە، دەستبەر ژمارەیەکی زۆر کەلوپەل و ئامێری گرووپەکەدا گیراوە.
پۆلیس دەستى تێکەڵ بووە لەگەڵیان
لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، نۆ پۆلیس و سێ کارمەندی دیکەی ئەمنیی دەستیان لەگەڵ گرووپەکەدا تێکەڵکردووە و لە بەرامبەر وەرگرتنی پارەدا، زانیارییە ئەمنییەکانیان بە گرووپەکە داوە.
لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە لە کەلوپەلەکان، ئۆپراسیۆنی دووەم لە شارەکانی ئیستانبوڵ، موغڵا، بورسا، گیرەسوون، مێرسین و شیڕنەخ ئەنجامدراوە و بەهۆیەوە نۆ پۆلیسەکە و سێ کارمەندەکە و پێنج ئەندامی گرووپە دەستگیرکراون.
20 منداڵ لە گرووپەکە دەستگیرکراون
گرووپە زۆربەیان لە مێردمنداڵان و کەسانی تازەپێگەیشتوو پێکهاتوون و لە چەند مانگی ڕابردووشدا ژمارەیەکی دیکەیان دەستگیرکران. کۆتایی ساڵی ڕابردوو، داواکاریی گشتیی بەکرکۆیی ئیستانبوڵ ڕایگەیاند، لە 223 ئەندامی گومانلێکراوی گرووپەکە، 145 کەسیان خرانە زیندان. لەو ژمارەیە 20 کەسیان منداڵ بوون و خرابوونە ناو تۆڕی تاوانکارییەوە.
لە دوایین ئۆپەراسیۆن؛ 96 ئەندامی ئەو گرووپە دەستگیرکران
گرووپەکە کە بە "کوشتن بۆ پارە، بازرگانیی چەک، سەرانە سەندن و مامەڵەکردن بە ماددە هۆشبەرەکان" تۆمەتبارن، بە چڕیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن و خۆیان وەک تارمایی پیشاندەدەن، بەتایبەت ئینستاگرام و تیکتۆک، ئەوەش وای لێکردوون بە کاسپەرەکان، نەوەی زێد و مافیای نوێ بناسرێن.
گرووپەکە لە کوێ کارە تاوانەکانیان دەکەن؟
گرووپەکە زیاتر لە کوچە و کۆڵانەکانی شارە گەورەکان تاوانەکانیان دەکەن، بەتایبەت لە ناوچەکانی شیرین ئەڤلەر، کوچوک چەکمەجە، باخچەلی ئەڤلەر و باغجیلاری ئیستانبوڵ.
داڵتۆنەکان بە تەنیا نین
هەر کاسپەرەکان نین و چەند گرووپێکی دیکە هەن کە خۆیان وەک داڵتۆنەکان و ڕێد کیتلەرەکان دەناسێنن، کە کاراکتەری ناو فیلم کارتۆنەکان بوون، بەڵام ناکۆکیی گەورە لەنێوانیاندا هەیە و خوێنی یەکدیان ڕشتووە.
سەرۆک کێ یە؟
چەند کەسێک وەک سەرکردەی کاسپەرەکان ناویان دەهنێرێت، کە دیارترینیان کەسێکە بە ناوی ئیسماعیل ئاتز.
کاسپەر و دزێو یەکیانگرت
لەگەڵ ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا پێکدادان لە نێوان کاسپەرەکان و گرووپەکانی دیکە ڕوویدا، بەڵام ساڵی 2022، بۆ دژایەتیکردنی "داڵتۆنەکان"، کاسپەرەکان لەگەڵ گرووپی "دزێوەکان" یەکیانگرت. لە ئەنجامی ئەو یەکگرتنەدا، 22ـی کانوونی دووەمی 2025، سەزەر کایا، سەرۆکی گرووپی داڵتۆنەکان کوژرا. زۆربەی تاوانبارەکانی کوشتنەکەش، تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوە بوون.
کێ سەزەر کایاى کوشت؟
ئەو کەسەی بۆ کوشتنی سەزەر کایا بەکارهێنرا، کچێک بوو، کە لەلایەن گرووپەکانی دژ بە سەزەر ئەرکدار کرا و ڕۆڵی گەورەی لە کوشتنی سەزەردا بینی.
تۆڵەى کرایەوە
حەوت کاتژمێر تێنەپەڕی و یەکێک لە سەرکردەکانی داڵتۆنەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرکەوت و گوتی، "سەزەر ئارام بنوو، تۆڵەمان کردیتەوە."
ناکۆکییەکان سنوورەکانى تورکیاى بڕى و گەیشتە ئەورووپا
ناکۆکیی نێوان کاسپەر و داڵتۆنەکان گەیشتە ئەورووپا و دوو کەسی دیاری داڵتۆنەکان بە ناوەکانی جانەر کۆچەر و فورقان یاڤوز لە ئەورووپا لەلایەن کاسپەرەکانەوە کوژران.
خەڵکى تورکیا لە ئەندامانى هێزە ئەمنییەکان نیگەرانن
ئەوەی خەڵکی تورکیاى نیگەران کردووە، توانای گرووپەکەیە بۆ دەست تێکەڵکردن لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و دەستکەوتنی زانیارییە ئەمنییەکان.
19/02/2026