کاریگەریی گەرووی هورمز لەسەر بازاڕی نەوت و وزە؛ زیانەکانی داخستنی گەرووەکە چی دەبن؟
گەرووی هورمز، کە کەنداوی فارس بە کەنداوی عومان و دەریای عەرەبەوە دەبەستێتەوە، ڕۆژانە زیاتر لە بیست ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لێوە تێدەپەڕێت، کە دەکاتە نزیکەی لەسەدا بیستی کۆی گشتی ئەو نەوتەی ڕۆژانە لە جیهاندا بەکارهێندرێت.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت
شارەزایانی ئابووری و دامەزراوە داراییە گەورەکانی وەک دۆیچە بانك و جەی پی مۆرگان پێشبینی دەکەن کە لە ئەگەری داخستنی تەواوەتی یان پچڕانی جوڵەی بازرگانی لەم گەرووەدا، نرخی یەک بەرمیل نەوت بە خێراییەکی بەرچاو بەرزببێتەوە بۆ سەروو 120 تا 150 دۆلار.
دابەزینی ئابووری
ئەم بەرزبوونەوە خێرایە دەبێتە هۆی دروستبوونی هەڵاوسانێکی گەورە لە ئابووریی جیهاندا و تێچووی گواستنەوە و بەرهەمهێنان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، کە ئەمەش ئەگەری ڕوودانی دابەزینێکی ئابووری توندی لێدەکەوێتەوە.
باجی سەر کەشتییەکان بەرز دەکرێتەوە
تەنانەت ئێستا کە گەرووەکە داشنەخراوە تەنیا مانۆڕە سەربازییەکان و گرژییەکانی ئەم دواییە وایانکردووە کۆمپانیاکانی دڵنیایی یان ئینشورانس باجی سەر کەشتییەکان بەرز بکەنەوە لەبەر زۆربوونی مەترسی، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر تێچووی کۆتایی نەوت لە بازاڕەکاندا و کاریگەری لەسەر نرخی نەوتەبێت.
نەوتی عێراق لە گەرووی هورمز
بۆ عێراق، داخستنی گەرووی هورمز واتا ڕاگرتنی تەواوەتی شادەماری ژیانی وڵاتەکە. عێراق ڕۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن و پێنج سەد هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، کە زۆرینەی ڕەهای لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوور و بە دیاریکراوی بەناو گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت و دەگاتە بازاڕەکانی ئاسیا و جیهان.
88%ی بودجەی فیدراڵیی عێراق
بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکان، داهاتی نەوت زیاتر لە سەدا 88ـی بودجەی فیدراڵی عێراق پێکدەهێنێت. شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن کە هەر داخستنێک کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام بێت، دەبێتە هۆی بێبەشبوونی عێراق لە داهاتێکی مانگانەی زەبەلاح کە ئەمەش ڕاستەوخۆ قەیرانێکی دارایی قووڵ دروست دەکات و حکومەت توانای دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خەرجییە گشتییەکانی نامێنێت.
ئەمریکا گەرووی هورمز بە هێڵی سوور ناودەبات
لە ڕوانگەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، پاراستنی ئازادی دەریاوانی لە گەرووی هورمز هێڵی سوورە. لەبەرئەوەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی گرانبوونی بەنزین لە ناوخۆی ئەمریکا و دروستبوونی هەڵاوسانی ئابووری، ئەمەش زیانێکی گەورە بە ئابووریی ئەمریکا و گیرفانی هاوڵاتییەکانی دەگەیەنێت. بەرپرسانی ئەمریکا هۆشدارییان داوە کە داخستنی گەرووەکە کارێکی قبووڵنەکراوە و هەنگاوێکی لەمشێوەیە بۆ تاران وەک خۆکوشتنێکی ئابووری وایە.
هێزی ئەمریکا لە ناوچەکە
لە ڕووی کردارییەوە، ئەمریکا هێزێکی دەریایی و ئاسمانی گەورەی لە ناوچەکەدا جێگیرکردووە، لە نێویاندا کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان و هێزی ئاسمانی پێشکەوتوو. ئەگەر ئێران هەوڵی داخستنی گەرووەکە بدات، ئەمریکا چەندین بژاردەی سەربازی لەبەردەستدایە.
لەکارخستنی سیستمی بەرگریی کەناراوەکان
یەکەم هەنگاو دەکرێت بریتی بێت لە دابینکردنی پاراستنی سەربازی بۆ کەشتییە بازرگانییەکان و دروستکردنی ڕێڕەوێکی ئارام. ئەگەر دۆخەکە ئاڵۆزتر بێت و هێرش بکرێتە سەر کەشتییەکان، ئەوا سوپای ئەمریکا پەنا دەباتە بەر هێرشی ئاسمانی و موزشەکی، ورد، بۆ سەر ژێرخانی سەربازی ئێران، وەک لەکارخستنی سیستەمەکانی بەرگری کەناراوەکان، بنکە دەریاییەکانی سوپای پاسداران، سەکۆکانی هەڵدانی موشەک و تۆڕەکانی ڕادار لەو ناوچەیەدا. ئامانجی سەرەکی واشنتن لەم پرۆسەیەدا کردنەوەی گەرووەکە و دەستەبەرکردنی ئاسایشی وزەیە بە زووترین کات، لە هەمان کاتدا هەوڵدەدات ڕێگری لە فراوانبوونی جەنگەکە بکات بۆ ململانێیەکی گەورەتر.
کارێکی قورس و دروستکردنی ناسەقامگیری
ئەگەرچی داخستنی تەواوەتی و درێژخایەنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە لە ڕووی سەربازییەوە کارێکی زۆر قورسە بەهۆی باڵادەستی هێزی دەریایی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بەڵام هەر هەنگاوێکی لەم شێوەیە دەبێتە هۆی ناسەقامگیرییەکی بێوێنە کە زیانەکانی ڕەهەندێکی جیهانیان دەبێت و کەلێنێکی گەورە لە ئابووری وڵاتانی پشتبەستوو بە نەوت، بەتایبەت عێراق دروست دەکات.
قەبارەی نەوتی گەرووی هورمز
20 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێدەپەڕێت
20%ـى نەوتى جیهان
کاریگەریی داخستنى گەرووى هورمز
نەوت بۆ 150 دۆلار بەرز دەبێتەوە
هەڵاوسانێکی گەورە لە جیهاندا
گەرووى هورمز و عێراق
3.500 ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات
زۆرینەى بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت
نەوت زیاتر 88%ـی داهاتە
19/02/2026