چیرۆک و وردەکاریی گواستنەوەى نزیکەى شەش هەزار زیندانى داعش بۆ عێراق

دیمەنێک لە زیندانیانی داعش لە زیندانی کەرخی بەغداد
دیمەنێک لە زیندانیانی داعش لە زیندانی کەرخی بەغداد

داعش ئەو گرووپە مەترسیدارەیە، کە ئەندامەکانیان لەو دیو تەلبەندەکانى زیندانەوەبوون، جیهان ترسى هەبوو کە جارێکى دیکە ببنەوە بە مەترسى بۆسەر ئاسایش و سەقامگیرى، ئێستا هێنراونەتە عێراق و لەژێر دەسەڵاتى حکومەتى کاتیی سووریا نەماون. پرۆسەی گواستنەوەی چەکدارانى داعش لە زیندانەکانى هەسەدەوە بۆ عێراق پرۆسەیەکی قورس بوو و لەوەش قورستر ئەوەبوو، کە عێراق چۆن ڕازى بوو؟ کێ ئەم کارەى لە ئەستۆگرت و پلانى گواستنەوەکە چۆن جێبەجێکرا؟

ئەگەری هاتنەدەرەوەی چەکدارانی داعش

کەناڵى فۆکس نیوزى ئەمریکى، لەزارى بەرپرسێکى هەواڵگریى ئەمریکاوە باسى لەوەکردووە، هەواڵگریى ئەمریکا لە کۆتایی مانگى تشرینى یەکەمى ڕابردوو، ڕاپۆرتێکى لەبارەى مەترسیى پێکدادانى نێوان حکومەتى سووریا و هەسەدە ئامادەکرد و ئەگەرەکانى هاتنەدەرەوەى ئەو چەکدارانەى داعشی باسکرد، کە چ کارەساتێک لە ناوچەکە دروست دەکات.

خراپترینەکان گواسترانەوە

بەرپرسەکەى هەواڵگریى ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ئەو چەکدارانەى داعش کە لە ناو زیندانەکان بوون، خراپترینەکان بوون، بۆیە پلانێکى خێرا دانراوە بۆ گواستنەوەیان لەژێر ڕێوشوێنێکى ئەمنى توند دا، حکومەتى عێراقیش بەهۆى ئەوەى لە ڕابردوو زیانێکى زۆرى بەهۆى داعشەوە بەرکەوتووە، ترسى لە هەڵاتنى چەکدارانى داعش بۆ ناو وڵاتەکەى هەبووە، بۆیە ڕەزامەندى داوە بە گواستنەوەى داعشەکان بۆ عێراق و دانانیان لە زیندانێکى نزیک لەشارى بەغداد، لەژێر چاودێرییەکى توند دا.

گفتوگۆی خێرا بۆ گواستنەوەیان

ئەو بەرپرسەى هەواڵگرى گوتوویەتى، گفتوگۆ لەگەڵ هەسەدە و سووریا و عێراق بەخێرایی کراوە، بۆ گواستنەوەى چەکدارانى داعش لەژێر چاودێریکردنێکى وردى سەبازیدا. مەترسییەکە لە گریمانەوە بووەتە ڕووداوێکى ڕاستەقینە، کاتێک شەڕ لە حەلەب دەستیپێکرد، خێرا گرووپێک لە سێنتکۆم ئامادەکرا و توانرا دەست بە گواستنەوەى چەکدارە مەترسیدارەکانى داعش بۆ عێراق بکرێت.

ڕۆڵی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق

بەرپرسە هەواڵگرییەکە دەڵێت، باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە عێراق ڕۆڵێکى گەورەى بینیوە لە گواستنەوەى داعشەکان بۆ عێراق، ترسى ئەمریکاش ئەوکاتە زیاتربووە، کە هەسەدە لە شەڕدابووە و ترسى هاتنەدەرەوەى چەکدارانى داعش لە زیندانەکان هەبووە.