وەزارەتى بازرگانى: زیادکردنى پارەى بەشەخۆراک بۆ پاڵپشتیی بودجە بووە

لۆگۆی وەزارەتی بازرگانی عێراق
لۆگۆی وەزارەتی بازرگانی عێراق

وەزارەتى بازرگانیی عێراق، لەبارەى زیادکردنى پارەى بەشەخۆراکى مانگانەى هاوڵاتییان ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت، ئامانج لە زیادکردنەکە پاڵپشتیی بودجەى گشتى و چارەسەرى کرێى گواستنەوەى بڕێکى زۆر لە ماددە خۆراکییەکان بووە.

500  دینار دەکرێت بە هەزار دینار

محەممەد حەنوون، گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانیی عێراق، لە لێدوانێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، بڕیارى زیادکردنى پارەى بەشەخۆراکى مانگانە لە 500 دینارەوە بۆ هەزار دینار لەلایەن ئەنجوومەنى وزاریی بۆ ئابوورى و لەسەر ڕاسپاردەى لیژنەى تایبەتمەند دراوە.

پاڵپشتی بۆ بودجەی گشتی

گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانیی عێراق گوتیشى، ئامانج لە بڕیارەکە پاڵپشتى بودجەى گشتى و چارەسەرى کرێى گواستنەوەى بڕێکى زۆر لە ماددە خۆراکییەکان بووە، هاوکات حکومەت بۆ پاڵپشتیی بریکارانى خۆراک بڕیاریداوە بە  زیادکردنى کرێى بریکارەکان لە 50 دینارەوە بۆ 250 دینار بۆ هەر سەبەتەیەکى خۆراک.

39 ملیۆن هاوڵاتی تۆمارکراون

گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانی ڕاشیگەیاند، 39 ملیۆن هاوڵاتی لە فۆڕمى ئەلیکترۆنى خۆراک تۆمارکراون، بەشێوەیەکى ئەزموونیش پارەدانى ئەلیکترۆنى لە 350 بریکارى خۆراک لە بەغداد دەستیپێکردووە، بە ئامانجى گشتاندنى لە داهاتوودا.