فاینانشاڵ تایمز: زیاتر لە 20 هەزار کەس لە کەمپی هۆل هەڵاتوون

ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، دوای کۆنتڕۆڵکردنی کامپی هۆل لە لایەن چەکدارانی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا، زیاتر لە 20 هەزار ژن و منداڵانی داعش لە کەمپەکە هەڵاتوون و ئێستا تەنیا نزیکەی دوو هەزار عێراقی و سووری لە کەمپەکەدا ماونەتەوە، لە کاتێکدا لە سەردەمی بەڕێوەبردنی کەمپەکە لە لایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە، نزیکەی 24 هەزار ڕاگیراوی ژن و منداڵی داعش لە کەمپەکەدا هەبوون.

هاتنى چەکدارانى دیمەشق هۆکاربوون

بەگوێرەی ڕۆژنامە بەریتانییەکە، دوای کشانەوەی هەسەدە لە کەمپەکە، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا و دوای کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریاوە، زۆرینەی دەستبەسەرداگیراوانی کەمپەکە بەبێ لێپرسینەوە و ڕێگریکردن هەڵاتوون و بێسەروشوێن بوون.

لە پەرژینى کەمپەکەوە هەڵاتوون بەرەو عێراق و تورکیا

فاینانشاڵ تایمز، لە زاری سەرچاوەکانیەوە ئاشکرای کرد، هەزاران ڕاگیراو توانیویانە لە ڕێگەی بۆشاییەکانی پەرژینی کەمپەکەوە هەڵبێن و لە سەرتاسەری وڵاتدا بڵاوبوونەتەوە، تەنانەت هەندێکیان توانیویانە بە شێوەیەکی نایاسایی بپەڕنەوە بۆ عێراق و تورکیا و ئێستا تەنیا نزیکەی دوو هەزار عێراقی و سووری لە کەمپەکە ماونەتەوە.