بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگاکانی غەززە فیفا 75 ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات
بۆ نۆژەنکردنەوە و بونیادنانەوەی دامەزراوە و یاریگا وەرزشییەکان لە غەززە، یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بەنیازە 75 ملیۆن دۆلار خەرجبکات، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، گەر پێویستیکرد، خۆشم بەشدار دەبم لە ڕیکلام کردن بۆ ئەم بابەتە.
ترەمپ: فیفا ئامادەیی دەربڕیوە
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرپەرشتیی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاشتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە کرد و گوتی، فیفاش ئامادەیی دەربڕیوە 75 ملیۆن دۆلار تەرخان بکات.
ترەمپ: خۆشم لە پڕوپاگەندەکەدا بەشدارم
لە کۆبوونەوەکەدا کە جیانی ئینڤانتینۆ، سەرۆکی فیفا ئامادەی بوو، ترەمپ گوتی، لەگەڵ دەستپێکردنی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی وەرزشیی غەززە، ئەستێرە ناودارەکان دێن و پڕوپاگەندە بۆ پڕۆسەکە دەکەن، ترەمپ ڕووی لە ئینفانتینۆ کرد و گوتی، پێویست بکات خۆشم لە پڕوپاگەندەکەدا بەشدار دەبم.
ئەکادیمیایەکى وەرزشى لە غەززە دەکرێتەوە
دوای قسەکانی ترەمپ، فیفا لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕوونیکردەوە، پلانیان هەیە ئەکادیمیایەکی ورزشی لە غەززە بکەنەوە و یاریگایەکی گەورەش بە توانای 20 هەزار هاندەر بونیاد دەنێن.
تەنیا ترەمپ باسى ئەو بڕە پارەیەى کردووە
فیفا لە ڕاگەیێندراوێکدا هیچ ئاماژەیەکی بە بڕی ئەو 75 ملیۆن دۆلارە نەداوە کە ترەمپ باسی لێوەکرد، تەنیا ئەوە نەبێت کە گوتی، لە ڕێگەی هاوبەشەکانییەوە خەرجیی پڕۆژەکانی بۆ غەززە کۆدەکاتەوە.
پێکهێنانى ئەنجوومەنى ئاشتى
بە هەماهەنگی لەگەڵ میسڕ و قەتەڕ، لە ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، ترەمپ و ئیدارەکەی سەرکەوتوو بوون دوای دوو ساڵ لە جەنگ ئەنجوومەنی ئاشتی پێکبهێنن و ئەرکی ئەم ئەنجوومەنە دەگوترێت نۆژەنکردنەوەی کەرتی غەززە دەبێت.
20/02/2026