ئێران پێش گەمارۆ ئابوورییەکان ڕۆژانە شەش ملیۆن بەرمیل نەوتى بەرهەم دەهێنا

یەکێک لە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردنی دراوی بیانی لە تاران
یەکێک لە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردنی دراوی بیانی لە تاران

ئێران خاوەنى کۆگای گەنجینەی نەوت، گازى سرووشتى و کانزا و پیشەسازی و سەرچاوە مرۆییە، بەڵام ماوەى 47 ساڵە گەمارۆکانى ئەمریکا و وڵاتانى رۆژئاواى لەسەرە، ئەگەر بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ واشنتن، بەو سەرچاوە سروشتییانەى هەیەتى دەتوانێت چۆن پیشکەوتن و خۆشگوزەرانیى ئابوورى بۆ گەلەکەى بەدەست بهێنێت، ئەگەر لەگەڵ ئەمریکا ڕێکبکەوێت، چونکە پێش سەرهەڵدانى شۆڕش لەساڵى 1979 لە ڕووى ئابوورییەوە دۆخى زۆر باش بووە.

لە چاوەڕوانی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکەدا

خولی نوێی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە جنێڤ لە نێوان ڕێگایەکی ئاڵۆزدا کۆتایی هاتووە و بڕیارە بەم نزیکانە شاندى ئێران ڕەشنووسی ڕێککەوتن لەبارەى بەرنامە ئەتۆمییەکە پێشکەشى شاندى ئەمریکى بکەن، ئێرانییەکان چاوەڕوانی هەڵگرتنی سزا درێژخایەنەکانن لە بەرامبەر ڕێککەوتنییان لەگەڵ ئەمریکادا.

پێش شۆڕش لە ساڵی 1979، ئابووریی ئێران لە لوتکەی خۆیدا بوو، لە سەردەمی محەممەد ڕەزا شای پەهلەوی، یەکێک لە گەورەترین و خێراترین ئابوورییەکانی جیهان بوو.

قەبارەی ئابووری ئێران لە دوو وڵاتی ئاسیا زیاتر بووە

قەبارەی ئابوورییەکەی لە ساڵی 1950دا لە ئابوورییەکانی ئاسیای وەک کۆریای باشوور و ڤێتنام زیاتر بوو، بەو پێیەی ئابووریی هەریەکەیان لەو کاتەدا لە 60%ی قەبارەی ئابووریی ئێران تێنەپەڕیبوو.

ڕیزبەندی پێشتری ئابووری ئێران

لە ساڵی 1977 ئێران لە ڕووی بەرهەمی گشتیی ناوخۆوە بۆ پلەی هەژدەهەمی جیهان بەرزبووەوە و ئابووریی ئەو سەردەمە بە نزیکەیی 26% لە ئابووری تورکیا گەورەتر بوو.

بەرهەمی پێشتری کەرتی نەوتی ئێران

سەبارەت بە کەرتی نەوت، لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا شاهیدی سەردەمی زێڕینی خۆی بوو، کە بەرهەمی ئێران نزیکەی 10%ی دابینکردنی جیهانیی پێکدەهێنا.

 لە ساڵی 1974دا بەرهەمهێنانی نەوت گەیشتە لوتکە و نزیکەی شەش ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەبوو، لەو ساڵەدا بەرهەمهێنانی ئێران یەکسان بوو بە نزیکەی 70%ی بەرهەمی سعودیە، کە گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆپێک بوو، هەروەها زیاتر لە سێ هێندەی بەرهەمی نەوتى عێراقى هەبوو.

قەبارەی زیانەکانی جەنگی ئێران

پاش شۆڕشى ئیسلامیى ئێران و شەڕی لەگەڵ عێراق لەنێوان ساڵانى (1980-1988) بووە هۆی زیانێکى زۆرى ئابوورى بۆ ئیران کە ئاژانسى بلۆمبێرگ بە نزیکەى 500 ملیار دۆلار خەمڵانوویەتى، ئەمەش وایکرد پشتبەستن بە کەرتی نەوت زیاد بکات.

بلۆککردنی سەروەت و سامانی ئێران

دوای قەیرانی بارمتەگرتنى کارمەندانى ئەمریکى لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، واشنتن سەروەت و سامانی ئێرانی لەساڵى 1984بلۆک کرد، کە زیاتر لە 12 ملیار دۆلار بوو و هاوردەکردنی کاڵاى ئێرانیشى قەدەغە کرد.

قەدەغەی هاوردەکردنی نەوتی ئێران

قەدەغەکردنی تەواوەتی هاوردەکردنی نەوتی ئێران جێبەجێ کراو سزاکان گەیشتنە لوتکە دوای ئەوەی ترەمپ لە ساڵی 2018 لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و سیاسەتی "زۆرترین فشار"ی دەستپێکرد، کە قەدەغەکردنی هەمەلایەنەی هەناردەکردنی نەوت، مامەڵەی بانکە بیانییەکان لەگەڵ بانکی ناوەندی ئێران و کەرتەکانی کەشتیوانی، بیمە و گواستنەوەی دەریایی سەپاندەوە.

هەروەها سزاکان کەرتی بانکی، وزە، کانگا، خزمەتگوزارییە داراییەکان، و پیشەسازییەکانی پۆڵا و ئەلەمنیۆمی گرتەوە، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی هەناردەکردنی نەوت بۆ تێکڕای 487 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2020.

کاریگەریی دابەزینی نرخی نەوت

لە ساڵی 2018 و تا ساڵی 2025، دابەزینی نرخی نەوت گەڕایەوە و هەڵاوسان بۆ 36.2% بەرزبووەوە ئەوەش دۆخى ئابووریى هاوڵاتیانى ئێرانى خراپتر کردووەو حکومەتى ئێرانیش بۆ هاوکارى هاوڵاتیان مانگانە یەک ملیۆن تمەن دەداتە هەر هاوڵاتییەک تاوەکو چوار مانگ بۆ ئەوەى لەم دۆخەدا هاوکارییان بکات، بەڵام ئەو بڕە پارەیە جێگەیەکى ئەوتۆ بۆ خێزانەکان دەستبەرناکات، چونکە وەک باسمان کرد هەڵاوسان زۆر زیادى کردووەو ڕەنگە زیاتر لەسەدا 40% تۆمار کرابێت، چونکە نرخى کاڵاو پێداویستییەکان دوو هێندەو زیاتر بەرزبووەتەوە.

سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی ئێران

ئێستا نزیکەی 80%ـى داهاتی حکومەتى ئێران لە فرۆشتنى نەوتەوە دەستى دەکەوێت، چین لە ساڵى 2018دا نزیکەی 91%ی نەوتی ئێرانى هاوردە دەکرد، لە کاتێکدا لە کۆتایی ساڵى ڕابردوو ڕێژەی هاوردەکردنى نەوتى ئێران لەلایەن چینەوە بۆ 15%ـى کۆى هاوردەى نەوت دابەزیوە.

 سەرەڕای ئەمەش، ئێران پڕە لە سەرچاوەى وزەى جیاواز، خاوەنى یەدەگى 209 ملیار بەرمیل نەوت و دووەم گەورەترین یەدەگی گازى سروشتی جیهانی هەیە کە خاوەنى یکە تریلیۆن و 200 ملیار پێ سێجا گازى سروشتییە، کە دەکاتە 34 تریلیۆن مەتر سێجا گازى سروشتى و خاوەنى 17%ـى یەدەگى گازى سروشتیى جیهانییە، هاوکات 3.8 ملیار تۆن کانزای ئاسنى هەیە، بێجگەلەوەى خاوەنى سامانى مرۆیی گەنج و خوێندەوارە، کە دانیشتوانەکەى بە زیاتر لە 93 ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت، بۆیە لەحاڵەتى ڕێککەوتن و لابردنى سزا ئابوورییەکان لەسەر ئەو وڵاتە دەتوانێت ئابوورییەکەى ببزوژێنێتەوە، چونکە تەنیا بە ئازادکردنى فرۆشتنى نەوت و گازى سروشتییەکەى و وەرگرتنەوەى پارە بلۆککراوەکانى دەتوانێت ئابووریەکى بەهێزى هەبێت و هاوڵاتییەکانیشى بەشێوەیەکى خۆشگوزەران ژیان بکەن.