فەهمی بورهان: ناساندنی گوڵاڵە بە شارۆچکە  بڕیارێکی سیاسی و نادەستوورییە؛ بەبێ ئاگاداریی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان بووە

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان

ناساندنی شارەدێی گوڵاڵە بە شارۆچکە، کاردانەوەی لێکەتووەتەوە، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕیارەکە نادەستوورییەوە و بەم هەنگاوە، ڕۆژ بەڕۆژ خانەقین بچووک دەکرێتەوە و بە تەنیا دەمێنێتەوە.

دەرفەت بۆ وەستاندنی بڕیارەکە ماوە

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە بوڵتەنی کەناڵ8 ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا دەرفەت ماوە ئەم بڕیارە بووەستێنرێت، چونکە بڕیارێکی نادەستوورییە و چاوەڕوانی هەنگاوی پەرلەمانتارە کوردەکانن لە بەغداد بۆ وەستاندنی.

بڕیارێکی سیاسییە

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، ئەم بڕیارەی بە شارۆچکە کردنی گوڵاڵە بڕیارێکی سیاسییە و پێویستە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەری بێتەدەنگ، چونکە گۆڕانکاریی دیموگرافی لەو ناوچانە ڕوویداوە.

بەبێ ئاگاداریی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان بووە

هەر لە قسەکانیدا فەهمی بورهان گوتیشی، بڕیاری گۆڕینی گوڵاڵە لە شارەدێوە بۆ شارۆچکە بەبێ ئاگاداریی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان بووە هاوشێوەی ئەوەی قەرەتەپە لە شارەدێوە کرایە شارۆچکە، گوتیشی، دڵنیام وەزیرە کوردەکانیش ئاگادارنین جگە لە وەزیری پلاندانان کە بەوەزیری "پیلاندانان" ناوی برد و جەختیکردەوە دەبێت دەستەیەک هەبێت ئەم بڕیارە نادەستوورییانە بووەستێنێت.

"دژی ئەو بڕیارە سیاسییانەین لە پشت سەرژمێرییەوەن، نەک سەرژمێرییەکە"

دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق دەرئەنجامێکی خراپی هەبووە، گوتیشی، ئەوان دژی ئەنجامدانی سەرژمێری نەبوون، بەڵکو دژی ئەو بڕیارە سیاسییانەن لە پشت ئەو سەرژمێرییەوە دەدرێن، چونکە حکومەتی عێراق پابەندی هیچکام لەو چوار بڕیارە نەبووە کە پێش سەرژمێری داویەتی.

داوایەک لە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد

فەهمی بورهان ڕوویکردە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و دەڵێت، کاتی مجامەلە تێپەڕێوە و دەبێت هەرێمی کوردستان لەم کاتەدا مەرج دابنێت، ئەوکات بچێتە نێو حکومەتی عێراقەوە.