لە دادگای تاوانەکانی کەرکووک دانیشتن بۆ دوو سکاڵای سەر نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان بەڕێوەدەچێت

محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کورد لە سنووری سەرگەڕان
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کورد لە سنووری سەرگەڕان

ئەمڕۆ لە دادگای تاوانەکانی کەرکووک، دانیشتنێکی تایبەت بە دوو سکاڵای جیاواز لەسەر محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کورد لە سنووری سەرگەڕان بەڕێوەدەچێت. ئەم دۆسیەیە پێشتر لە دادگای دووبز بوو، بەڵام لەسەر داوای لایەنی سکاڵاکار گوازرایەوە بۆ دادگای تاوانەکانی کەرکووک.

ناوەڕۆکی سکاڵاکانی سەر نوێنەری جووتیاران

سکاڵای یەکەم لەلایەن سەربازێکەوە بەناوی کەڕاڕ شاکر تۆمارکراوە، کە پەیوەستە بە ئاڵۆزییەکانی مانگی 2ی ساڵی 2025 لە گوندی شەناغەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان. سکاڵای دووەمیش لەلایەن فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی عێراقەوە لە ڕێگەی لیژنەی یاساییەوە لەسەر هەمان جووتیار جووڵێنراوە.

بەردەوامیی دانیشتنەکان و ئامادەنەبوونی سکاڵاکار

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 دانیشتنی دادگا لەسەر ئەم دۆسیەیە بەڕێوەچووە، بەڵام ئەو سەربازەی سکاڵای تۆمارکردووە لە هیچ کام لە دانیشتنەکاندا ئامادە نەبووە. محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیاران ئاماژە بەوە دەکات کە دانیشتنەکان لەسەر داوای سکاڵاکارەکان دوادەخرێن، چونکە بەڵگەکانیان بۆ سەلماندنی تۆمەتەکان لاوازن.

ئامانجی پشت سکاڵاکانی سەرگەڕان

بە گوتەی نوێنەری جووتیارانی کورد، ئەم سکاڵایانەی لەلایەن عەرەبە هاوردەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە تۆمار دەکرێن، ئامانج لێیان تەنیا هەراسانکردنی جووتیارانی کوردە. باس لەوەش دەکات کە ئەم فشارانە بۆ ئەوەن کوردەکان ناچار بکرێن دەستبەرداری زەوی و گوندەکانیان ببن بە مەبەستی دووبارە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی تەعریب لە ناوچەکەدا.