کۆشکی سپی: ئۆتۆمبێلی نەفەرهەڵگر و بەشێک لە بارهەڵگرەکان باجە نوێیەکانی ترەمپ نایانگرێتەوە

گواستنەوەی ژمارەیەک ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا
گواستنەوەی ژمارەیەک ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا

کۆشکی سپی بە فەرمی ڕایگەیاند، ئۆتۆمبێلی نەفەرهەڵگر و بەشێک لە بارهەڵگرەکان لەو باجە نوێیانە دەبەخشرێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری لێداوە. بەپێی ئاژانسی بلومبێرگ، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ئەنجوومەنی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی، کە نوێنەرایەتی کۆمپانیاکانی (جەنەراڵ مۆتۆرز، فۆرد مۆتۆر و جیپ ستلانتیس ئێن ڤی) دەکات، داوایان لە تیمی بازرگانیی ترەمپ کردبوو کە لەو باجانە ببەخشرێن، چونکە پێشتر ملیاران دۆلار باج زیانی گەورەی بە بازاڕی ئۆتۆمبێل گەیاندبوو.

بڕیارەکانی دادگای باڵا و ڕێژەی باجەکان

لە ڕابردوودا دادگای باڵای ئەمریکا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو باجانەی کە دۆناڵد ترەمپ لە مانگی 4ی ساڵی ڕابردوو بەسەر جیهاندا سەپاندبوونی. دوای ئەو بڕیارە، ترەمپ ڕاستەوخۆ باجی بە ڕێژەی 10% سەپاند و دواتر ڕێژەکەی بۆ 15% بەرزکردەوە. ئەم هەنگاوانە وەک فشارێک بۆ سەر بازاڕی جیهانی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمریکا هەژمار دەکرێن.

وادەی جێبەجێکردنی باجە نوێیەکان

بڕیارە باجە نوێیەکان لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بچنە بواری جێبەجێکردنەوە و بۆ ماوەی 150 ڕۆژ کاریان پێدەکرێت. کۆشکی سپی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاشکرای کرد کە ئۆتۆمبێلی نەفەرهەڵگر، هەندێک لە بارهەڵگرەکان و هاوردەی پارچەی ئۆتۆمبێل لەم باجانە بەدەر دەبن و نایانگرێتەوە، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی هاوسەنگی لە پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی وڵاتەکەدا.