پێنج ئەندامى حیزبى بەعسى هەڵوەشاوە لە کەرکوک دەستگیرکران

دیمەنێکی قەڵای کەرکوک
دیمەنێکی قەڵای کەرکوک

حەشدى شەعبى، ڕایگەیاند، ئەمیندارێتى دەزگاى هەواڵگریی و زانیاریی لە حەشدى شەعبى، توانیوییەتى تۆڕێک لە سەرکردەکانى حیزبى بەعسى هەڵوەشاوە لە کەرکوک دەستگیر بکات.

تۆڕێک بوون لە سەرکردەکانی بەعسی هەڵوەشاوە

لەڕاگەیێندراوێکدا، حەشدى شەعبى، ئاماژەى بەوەکردووە، مەفرەزەکانى ئەمیندارێتى دەزگاى هەواڵگریی و زانیاریی لە دەستەکەیان، دواى وەرگرتنى ڕەزامەندى دادگا توانیویانە تۆڕێک لە سەرکردەکانى حیزبى بەعسى هەڵوەشاوە لە کەرکوک دەستگیربکەن.

زانیاری وردیان لەسەر کۆکراوەتەوە

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو هەڵمەتە دواى کۆکردنەوەى زانیاریی وورد و بەدواداچوونى مەیدانى چڕ بووە، کە توانراوە بۆسەیان بۆ بنرێتەوە و بەهۆیەوە پێنج لە سەرکردەکانى حیزبى بەعس لەکاتى کۆبوونەوەى نهێنی تۆڕەکەیان دەستگیربکەن، کە بەنیازبوون کارى تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕى لە کەرکوک دروستبکەن و سەقامگیریی عێراق بشێوێنن.

بە گوێرەی یاسای قەدەغەکردنی حیزبی بەعس دەستگیر کراون

پڕۆسەى دەستگیرکردنى ئەو تۆمەتبارانە، بەگوێرەى ماددەکانى 8 بڕگەى یەک لە یاساى قەدەغەکردنى حیزبى بەعس جێبەجێ کراوە، هاوکات سەرجەم ڕێکارە بەرکارەکان بەرامبەر تۆمەتبارەکان گیرایەبەر و ڕەوانەى دادگا کران، تاکو ڕووبەڕووى یاسا بکرێنەوە.

هەواڵە هەواڵگرییەکان بەردەوام دەبن

ئەمیندارێتى هەواڵگریی و زانیاریی لە حەشدى شەعبى، دوپاتیدەکاتەوە، بەردەوام دەبن لە هەوڵە هەواڵگرییەکان و ئەمنییەکانیان لە بەدواداچوونى ئەوانەى دەستیان دەبێت لە تێکدانى ئاسایشى عێراق و سەروەرى خاکەکەى، دەشبنە بەربەست بەڕووى هەر پیلانێک ئاسایشى هاوڵاتییان و ئاشتى کۆمەڵایەتى بکاتە ئامانج.