بانکی ناوەندیی عێراق: بەرزترین جۆری دراوی دۆلاری ئەمریکی 100 دۆلارییە و مامەڵە بە کاغەزی ملیۆن دۆلاری مەکەن
بانکی ناوەندیی عێراق هۆشداریی توند دەداتە هاووڵاتییان لەبارەی چەند شێوازێکی نوێی فێڵ و تەڵەکەبازی لە بازاڕەکانی دراودا، کە تێیدا کاغەزی بێبەها وەک دراوی فەرمیی ئەمریکی بە مەبەستی قازانجی ماددی دەفرۆشرێن.
فێڵی "کاغەزی یەک ملیۆن دۆلاری"
بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، چەند کەسێک بە مەبەستی فێڵکردن لە هاووڵاتییان، کاغەزێک بە ناوی "1 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی" دەفرۆشن. بانکەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەمە تەنیا کاغەزێکی یادگارییە و لە ڕاستیدا هیچ بەهایەکی دارایی نییە و مامەڵەی پێوە ناکرێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکات نەکەونە داوی ئەو جۆرە فێڵانەوە.
بەرزترین جۆری دۆلار و فێڵی "دۆلاری ڕەش"
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەرزترین جۆری دراوی دۆلاری ئەمریکی کە مامەڵەی پێوە بکرێت تەنیا 100 دۆلارییە. هاوکات هۆشداری دەدرێت لە بڵاوبوونەوەی کاغەزێکی ڕەش بە قەبارەی دۆلار، کە فێڵبازەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن "دۆلاری ڕاستەقینەیە و ماددەیەکی ڕەشی لێدراوە"، بەڵام بانکەکە دەڵێت ئەمە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە و تەنیا بۆ تەڵەکەبازی بەکاردێت.
دراوە کشێنراوەکان و پارەی یاری منداڵان
بانکی ناوەندی ڕوونی کردووەتەوە، یەکێکی دیکە لە فێڵەکان بڵاوکردنەوەی دراوی ئەو وڵاتانەیە کە لە مامەڵەکردن کشێنراونەتەوە و هیچ بەهایەکیان نەماوە، بەڵام بە پارەیەکی زۆری عێراقی دەگۆڕدرێنەوە. هەروەها جۆرێکی دیکەی دۆلار و دینار بڵاوبووەتەوە کە کۆپی کراون و وشەی (نموزج) یان (باتڵ)یان لەسەرە، کە وەک یاری منداڵان بەکاردێن بەڵام وەک پارەی ڕاستەقینە مامەڵەیان پێوە دەکرێت.
ڕێکارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ساختەکاری
بانکی ناوەندی جەختی کردەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادار کردووەتەوە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە چاپکردن یان هاوردەکردنی ئەم جۆرە کاغەز و دراوانە لە دەرەوەی عێراق. بڵاوکردنەوەی دراوی ساختە لە عێراقدا وەک یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان دەبینرێت و لە ماوەی ڕابردوودا چەندین گروپ بەو تۆمەتە دەستگیرکراون.
24/02/2026