جەنگی "ئاوی" عێراق و کوەیت؛ کێ کلیلی ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی لەدەست دەبێت؟
لەکاتێکدا فشارەکانی ئەمریکا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەردەوامن، عێراق دۆسیەی سنوورە ئاوییەکانی لەگەڵ کوەیت بردووەتە نەتەوە یەکگرتووەکان و داوای هەموارکردنەوەی بڕیارنامەی 833ـی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات.
ڕادەستکردنی نەخشەکان و هەڵوێستی سیاسی
لە رۆژی 21ـی شوباتی 2026، فەرحان فەرتوسی، بەڕێوەبەری گشتیی بەندەرەکانی عێراق ڕایگەیاند کە بە فەرمی نەخشەی ڕێڕەوە ئاوییەکانی وڵاتەکەی ڕادەستی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە. ئەم هەنگاوە کاردانەوەی خێرای کوەیت و وڵاتانی کەنداوی لێکەوتەوە. چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەیەکدا پشتیوانیی خۆی بۆ ئەم بڕیارە دەربڕی و ڕایگەیاند، عێراق پابەندە بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام پاراستنی مافە ئاوییەکانی بە ئەرکێکی نیشتمانی دەزانێت.
مێژوو و ناوەڕۆکی بڕیارنامەی 833


ئەم بڕیارە لە 27ـی ئایاری 1993 لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە، دوای ئەوەی لیژنەیەکی تایبەت کارەکانی بۆ دیاریکردنی سنووری نێوان عێراق و کوەیت تەواو کرد. بڕیارەکە لەژێر سەرپەرشتی بۆترۆس بۆترۆس غالی، سکرتێری گشتیی ئەوکاتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە کۆدەنگیی 15 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش پەسەند کرا. خاڵە سەرەکییەکانی بڕیارەکە بریتی بوون لە: دیاریکردنی کۆتایی سنوورە وشکانی و دەریاییەکان، پابەندکردنی هەردوو وڵات بە پاراستنی حەرەمی سنوورەکان، گرەنتی کردنی مافی دەریاوانی لە ناوچەی خۆر عەبدوڵا و دابینکردنی گرەنتی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگری لە هەر پێشێلکارییەک.
دانپێدانانی عێراق لە ساڵی 1994
عێراق لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو، لە 10ـی تشرینی دووەمی 1994، بە بڕیاری ژمارە 200ـی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش، بە فەرمی دانی بە سەروەریی کوەیت و بڕیاری 833ـدا نا. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە سەددام حوسێن هێزێکی زۆری بەرەو سنوورەکانی کوەیت جوڵاند و ئەنجوومەنی ئاسایش بە بڕیاری 949 هۆشداریی توندی پێدا. عێراق بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە گەمارۆ ئابوورییەکان و بڕیاری 687ـی ساڵی 1991، ناچار بوو زیاتر لە 52 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتە کوەیت، کە پڕۆسەی دانەوەی ئەو پارەیە 28 ساڵی خایاند.
زیانە ستراتیجی و ئابوورییەکانی عێراق
بەهۆی جێبەجێکردنی بڕیاری 833، عێراق نزیکەی 120 کیلۆمەتر لە خاکەکەی و بەشێک لە کێڵگەی نەوتی ڕومێلە و بەشێکی گرنگی ناوچەی خۆر عەبدوڵای لەدەستدا. بەغداد ئێستا ڕەخنەی ئەوە دەگرێت کە وڵاتەکە کەناراوێکی زۆر کورتی بۆ ماوەتەوە و دەروازە ئاوییە قووڵەکانی لە بنکەی ئوم قەسر لەدەستداوە، ئەمەش وایکردووە عێراق بۆ هاتنی کەشتییە زەبەلاحەکان پشت بە دەروازە ئاوییەکانی کوەیت ببەستێت. هەروەها عێراق دەڵێت ئەم بڕیارە لە کاتێکدا بەسەریدا سەپێنراوە کە وڵاتەکە لەژێر بەندی حەوتەمی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بووە و خاوەنی سەروەری نەبووە.
ململانێی خۆر عەبدوڵا و بەندەری فاو

ناوچەی خۆر عەبدوڵا وەک تاکە ڕێڕەوی دەریایی عێراق بۆ گەیشتن بە بەندەرەکانی ئوم قەسر و خۆر زوبێر هەژمار دەکرێت، کە 82%ـی کاڵا هاوردەکراوەکانی عێراقی تێدا تێپەڕ دەبێت. لە ساڵی 2012 ڕێککەوتنێک بۆ ڕێکخستنی هاتووچۆ لەم ناوچەیە واژۆ کرا، بەڵام لە ساڵی 2023 دادگای فیدراڵیی عێراق ڕێککەوتنەکەی بە نادەستووری لەقەڵەمدا. ئێستا ململانێیەکی قووڵ لە نێوان پڕۆژەی بەندەری فاوی عێراقی و بەندەری موبارەک ئەلکەبیری کوەیتی هەیە، کە بڕیارە کوەیت تاوەکو ساڵی 2035 تەواوی بکات و عێراقیش ترسی هەیە ئەمە ببێتە هۆی ئیفلیجکردنی بەندەرەکانی.
داواکارییەکانی عێراق و کاردانەوەی وڵاتانی کەنداو
عێراق داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لە دیاریکردنی سنوورەکان، پەنا بۆ پرەنسیپی "قووڵترین ڕێڕەوی ئاوی" ببرێت لەبری "هێڵی ناوەند"، تاوەکو گرەنتی هاتووچۆی کەشتییەکانی بکات. لە بەرامبەردا، وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو (سعوودیە، ئیمارات، قەتەڕ، بەحرەین، عومان) پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ کوەیت دەربڕیوە. کوەیت جەخت دەکاتەوە کە دروستکردنی پلاتفۆڕمی دەریایی لە کێڵگەی فەشت ئەلعەیج پرسێکی سەروەرییە، بەڵام عێراق ئەمە بە هەوڵێک بۆ گۆڕینی جوگرافیای ناوچەکە و کاریگەری نەرێنی لەسەر نیشانە سنوورییەکانی دەرەوەی خاڵی 162 دەبینێت.
24/02/2026