فیدراسیۆنی رێکخراوەکان یاداشتی ناڕەزاییان لەدژی پرۆژەی ڕووناکی پێشکەشی داواکاری گشتی کرد

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی

لە دادگای سلێمانی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، یاداشتی ناڕەزاییان دژی دەستکاری کردنی هەژمارکردنی نرخی کارەبا و گرانی نرخی کارەبا لە داواکاری گشتی سلێمانی تۆمارکرد و داوا لە حکومەت دەکەن پێداچوونەوە بە پرۆژەکەدا بکات.

پڕۆژەی ڕووناکی دەبێت لە خزمەتی خەڵکدا بێت

فیدراسیۆنەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەیان خستەڕوو، ئەوان لەگەڵ پرۆژەی ڕووناکیدان بەڵام پرۆژەی ڕووناکی چەندین کێشەی هەیە و دەبێت لە خزمەتی خەڵک بێت نەک لە دژی خەڵک، دەشڵێن، بەگوێرەی ستاندارتی جیهانی دەبێت نرخی کارەبا هاوتای 5٪ـی داهاتی خێزانەکە بێت بەڵام بەمجۆرەی ئێستا پرۆژەکە، مووچە و داهاتی زۆرێک لە هاونیشتمانیان بۆ پارەی کارەبا دەڕوات.

"پسوڵەی کارەبا ناڕوونییەکی تێدایە"

ئاماژەیان بەوەشکرد، پسوڵەی کارەبا ناڕوونییەکی تێدایە بەوپێیەی پێوەری کارەباکە لە ماڵەکان خۆیاندا نییە بەڵکو لەسەر ستوونی کارەباکانە و داخراوە، خێزان و ماڵەکان نازانن چەندێک کارەبایان بەکارهێناوە و بۆچی ئەو بڕە پارەیایان بۆ هاتووەتەوە، لەگەڵ ناڕەزاییان لە بڕینی کارەبای هاونیشتمانیان ئەگەر پارەی کارەبا نەدەن، چونکە بەگوتەی خۆیان چەندین ماڵ نەخۆش و خاوەن پێداویستی تایبەتیان هەیە و حکومەت نابێت دژایەتی خەڵکەکەی بکات.  

"هاتنەوەی پسوڵەی کارەبا هەرجارە و بەجۆرێکە"

ڕوونیشیان کردەوە، ئێستا هاتنەوەی پسوڵەی کارەبا هەرجارەی بەجۆرێکە لەکاتێکدا سەرەتای پرۆژەکە ڕاگەیێندراوە هەر مانگ جارێک پسوڵەی کارەبا دێتەوە.