ئەمساڵ بیتکۆین 27%ـى بەهاکەى لەدەستداوە

ژمارەیەک دراوی ئیلکترۆنیی بیتکۆین. فۆتۆ: AP
ژمارەیەک دراوی ئیلکترۆنیی بیتکۆین. فۆتۆ: AP

بەهاى دراوە ئەلیکترۆنییەکان، بەتایبەت بیتکۆین لە دوو مانگى یەکەمى ئەمساڵ دابەزینى تۆمار کردووە و تەنیا لە ئەمساڵدا بیتکۆین 27%ـى بەهاکەى لە دەستداوە.

لەماوەى 55 ڕۆژدا لە 27%ى بەهاکەى لەدەستدا

لە یەکەم ڕۆژى ئەمساڵ یەک بیتکۆین بە 87 هەزار و 508 دۆلار بووە و ئێستا یەک بیتکۆین بە 64 هەزار  دۆلارە و لەسەر ئەو بنەمایە 27%ـى بەهاکەى لەدەستداوە لە ماوەى 55 رۆژى ئەمساڵ دا.

هۆکارەکەى گۆڕانکارییە لە ئاڕاستەى وەبەرهێنەران

دابەزینی بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان پەیوەندیى بە گۆڕانکارى لە ئاڕاستەی وەبەرهێنەرانەوە هەیە، کە وەبەرهێنەران و سەرمایەداران ڕوویان کردووەتەوە کڕینى کانزاکان بەتایبەت زێڕ.

پێشبنیى بەرزبوونەوەى دەکرێت

سەرەڕاى دابەزینى بەهاى بیتکۆین، بانک و کۆمپانیا جیهانییەکان بەشێکیان پێشبینیى بەرزبوونەوەى بەهاکەى دەکەن تاوەکو کۆتایى ئەمساڵ، بەشێوەیەک، بانکی ستاندارد چارتەرد، پێشبینیدەکات بەهاکەى بگاتە 150 هەزار دۆلار و بانکى جەى پى مۆرگان دەڵێن بەهاکەى دەگاتە 120 هەزار دۆلار، بەڵام کۆمپانیای ستیفڵ ئینڤێستمەنتس، پێشبینیدەکات بەهاکەى بۆ 38 هەزار دۆلار داببەزێت.

بەرزترین ئاست چەند بوو ؟

ئەمە لە کاتێکدایە بیتکۆین لە 6ـى تشرینی یەکەمى ساڵى 2025 بەرزترین بەهاى مێژوویی خۆی تۆمار کرد و یەک بیتکۆین گەیشتە 126 هەزار دۆلار.