بازرگانێکی هاوردەکردنى زیو: هەفتانە 15 تۆن زیو هاوردەى هەرێمى کوردستان دەکرێت
هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى سێ گەشتى ئاسمانیى هەفتانەوە 15 تۆن زیو لە ئیماراتەوە هاوردە دەکات و تێچووى باج و گواستنەوەى هەر کیلۆیەک 28 دۆلارە.
قەبارە و شێوازى هاوردەکردنى زیو
خۆشناو عومەر بەگ، یەکێک لە بازرگانانى هاوردەکردنى زیو ڕایگەیاند، هەفتانە 15 تۆن زیو هاوردەى هەرێمى کوردستان دەکرێت. ئاماژەى بەوەش کرد کە ئەم پڕۆسەیە لە ڕێگەى سێ گەشتى فڕۆکەوە لە ئیماراتەوە ئەنجام دەدرێت و لە هەر بارێکدا 5 تۆن زیو دەگگوازرێتەوە. بە گوتەى ئەو بازرگانە، ڕووکردن لە کڕینى زیو و زێڕ دیاردەیەکی جیهانییە و تەنیا لە هەرێمى کوردستان چڕ نەبووەتەوە.
تێچووى گواستنەوە و باج
سەبارەت بە تێچووى هاوردەکردن، خۆشناو عومەر ئاشکرای کرد کە نرخى گواستنەوە و باج بۆ یەک کیلۆگرام زیو 28 دۆلارە. لەو بڕە پارەیەش، بەتەنیا 8 دۆلارى وەک باج دیاریکراوە. پڕۆسەى گواستنەوەکە لەلایەن کۆمپانیا و گرووپى ڕێگەپێدراوەوە ئەنجام دەدرێت کە زێڕ و زیو دەگەیەننە دەست بازرگانان.
کاریگەریى قەدەغەکردنى هاوردە لە فڕۆکەخانەکان
ئەو بازرگانە هۆشداریى دا کە هەر بڕیارێک بۆ قەدەغەکردنى هاوردەکردنى زێڕ و زیو لە ڕێگەى فڕۆکەخانەکانى هەولێر و سلێمانی، زیانى گەورە بە زیاتر لە 300 بازرگان دەگەیەنێت. جەختیشی کردەوە کە لە ئەگەرى زیادکردنى تێچووى گواستنەوە، بازرگانان ئەو باجە نادەن، بەڵکو دەکەوێتە سەر شانى کڕیاران و نرخى زیو لە بازاڕەکاندا بەرز دەبێتەوە.
سیستەمى وەرگرتنى گومرگ لە هەرێم
بەپێی بەدواداچوونەکان، هاوردەکردنى زیو لە هەرێمى کوردستان تەنیا لەژێر چاودێریى گومرگى هەرێمدایە و سیستەمى "ئەسیکۆدا"ـى حکومەتى فیدراڵى نایگرێتەوە. بۆیە بۆ هەر کیلۆگرامێک زیو، تەنیا بڕى 8 دۆلار وەک ڕەسمى گومرگى لە دەروازە ئاسمانییەکان وەردەگیرێت.
26/02/2026