ڕووسیا ئامادەیی نیشانداوە بۆ وەرگرتنەوەی داعشەکانی وڵاتەکەى کە لە زیندانەکانی عێراقن

حکومەتی ڕووسیا و عێراق پڕۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو زیندانیانەی داعش کە هەڵگری ڕەگەزنامەی ڕووسین تاوتوێ دەکەن، هاوکات بەغداد جەخت دەکاتەوە، سزای لەسێدارەدان ڕێگرە لە گواستنەوەی بەشێک لە گیراوەکان.

کۆبوونەوەی دیپلۆماسی لە مۆسکۆ

عەبدولکەریم هاشم، باڵیۆزی عێراق لە ڕووسیا، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی ڕووسیا کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەماهەنگیی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کران، بە تایبەتی دۆسیەی گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە ڕووسیانەی کە لەسەر دۆسیەی تیرۆر و پەیوەندییان بە ڕێکخراوی داعشەوە لە عێراق دەستبەسەرن. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی وەسف کرا.

مەرجەکانی وەرگرتنەوەی زیندانییان

لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری وەزیری ناوخۆی ڕووسیا، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ وەرگرتنەوەی ئەو زیندانیانە نیشاندا. پڕۆسەی وەرگرتنەوەکە بەستراوەتەوە بە دڵنیابوونەوەی تەواو لە ناسنامەی گیراوەکان و بوونی پەڕاوی یاسایی پێویست بۆ هەریەکێکیان. هەرچەندە تاوەکو ئێستا ژمارەی وردی ئەو زیندانیانەی داعش کە بە ڕەچەڵەک ڕووسین و لە زیندانەکانی عێراقن بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە.

هەڵوێستی وەزارەتی دادی عێراق لەسەر سزای لەسێدارەدان

وەزارەتی دادی عێراق، ڕایگەیاندووە، ئەو زیندانیانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، بڕیاری گواستنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان نایانگرێتەوە. جەختکراوەتەوە کە هەر گیراوێک سزای لەسێدارەدانی هەبێت، دەبێت سزاکەی لە ناوخۆی عێراقدا جێبەجێ بکرێت و ڕادەستکردنەوەیان بۆ دەرەوەی وڵات مەحاڵە.

ئاماری زیندانییە بیانییەکان لە عێراق

ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، ئامارێکی گشتگیری لەسەر دۆخی زیندانەکان خستەڕوو. بەپێی ئامارەکان، کۆی گشتیی گیراوان لە زیندانەکانی عێراق گەیشتووەتە 59,000 کەس، کە 57,000ـیان پیاو و 2,300ـیان ژنن. لە ناو ئەم ژمارەیەدا، 1,050 گیراوی بیانی هەن کە بە تۆمەتی جیاواز لە زیندانەکاندان و سزای یاسایی خۆیان بەسەر دەبەن.