ڕێگەوبانی چەمچەماڵ: ڕەزامەندیی لەسەر نیوەی بودجەی چاککردنەوەی ڕێگەکان دراوە بەڵام هیچ پارەیەک خەرج نەکراوە

کەناڵ8 26/02/2026

ڕێگەی سەرەکیی نێوان تەکیە و چەمچەماڵ کە سلێمانی بە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەبەستێتەوە، بەهۆی بوونی چاڵی گەورە و تێکچوونی قیرەکەیەوە ئاستەنگی بۆ هاتوچۆ دروستکردووە و زیانی دارایی بە شۆفێران گەیاندووە.

تێکچوونی ڕێگەکە و زیانی شۆفێران

ڕێگەی سەرەکیی تەکیە – چەمچەماڵ، کە ڕێڕەوێکی ستراتیجییە بۆ بەستنەوەی سلێمانی بە ناوچەکانی دیکەی عێراق، دوای لافاوەکەی ساڵی ڕابردوو بە تەواوی تێکچووە. شۆفێرانی هێڵەکە ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی چاڵەکانەوە زیانی زۆر بەر ئۆتۆمبێلەکانیان دەکەوێت؛ بەجۆرێک یەکێک لە شۆفێران ڕایگەیاند "تەنیا بەهۆی کەوتنە ناو یەک چاڵەوە بڕی 100,000 دینار زیانی پێگەیشتووە".

کێشەی بودجە و چاکنەکردنەوەی ڕێگاکان

بەگوێرەی دەرخستەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی چەمچەماڵ، ئێستا بڕی 1 ملیار دیناریان بۆ چاککردنەوەی ڕێگەکانی سنوورەکە پێویستە. هەڵگورد محەمەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەکە ئاشکرای کرد، تەنیا ڕەزامەندی لەسەر نیوەی ئەو بڕە پارەیە دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ دینارێکیان بۆ خەرج نەکراوە بۆ ئەوەی دەست بە کارەکان بکەن.

ئامارەکانی نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبان لە سنوورەکە

سنووری چەمچەماڵ، پێویستی بە قیرتاوکردن و نوێکردنەوەی 100 کیلۆمەتر ڕێگە هەیە، بەڵام لە ماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا تەنیا 20 کیلۆمەتر ڕێگە نۆژەنکراوەتەوە. هەروەها لە کۆی 440 گوندی سنوورەکە، تەنیا نزیکەی 15 گوندیان ڕێگەی قیرتاوکراویان بۆ دروستکراوە، ئەمەش نیشاندەری سستیی پڕۆژەکانی خزمەتگوزارییە لە کەرتی ڕێگەوبانی ناوچەکەدا.

کەناڵ8

26/02/2026