فەهمی بورهان: گۆڕینی یەکە ئیدارییەکانی خانەقین درێژەپێدەری سیاسەتی تەعریبە

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕایدەگەیێنێت، هەوڵەکان بۆ دابڕینی ناحیەکان لە خانەقین پێچەوانەی ماددەی 140ـی دەستوورە؛ ئاماژە بەوەش دەکات تانە لەو بڕیارانە دەگرن و داوا لە لایەنە کوردییەکانی بەغداد دەکەن یەکدەنگ بن دژی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە.

هەڵوێستی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـی شوباتی 2026، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، ئەو هەوڵانەی بۆ گۆڕینی شارەدێکان بۆ شارۆچکە و دابڕینیان لە خانەقین لە ئارادایە، درێژە پێدەری سیاسەتی تەعریبە. ناوبراو جەختی کردەوە، ئەمە هەنگاوێکی نادەستوورییە و پێچەوانەی بنەماکانی ماددەی 140ـی دەستووری عێراقە.

تانەدان لە بڕیارە ئیدارییەکان

حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی خانەقین دووپات کردەوە. فەهمی بورهان ئاشکرای کرد، نووسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی پەرلەمان، حکوومەتی عێراق و دادگای فیدراڵی دەکەن تاوەکو بە فەرمی تانە لەو بڕیارانە بدەن و ڕێگری لە دەستکاریکردنی نەخشەی ئیداریی ناوچەکە بکەن.

کاریگەری لەسەر سەرژمێری

نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی خانەقین باسیان لەوە کرد، ئەو لایەنانەی لە بەغداد و دیالە ئەم بڕیارانە دەردەکەن، دەیانەوێت سیاسەتی ڕژێمی پێشوو دژی کورد بە بەرگێکی نوێوە جێبەجێ بکەن. بە بڕوای ئەوان، ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەریی خراپیان لەسەر پرۆسەی سەرژمێریی داهاتوو دەبێت و ئامانج لێی کەمکردنەوەی ڕێژەی کوردە لەو ناوچانەدا.

بانگەواز بۆ بەرپرسانی کورد لە بەغداد

لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، داوا لە سەرۆک کۆمار، وەزیران و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغداد کرا وەک یەک دەنگ دژی ئەم هەنگاوانە بوەستنەوە. هۆشداری درا کە ئەگەر ئەم گۆڕانکارییانە لە خانەقین سەر بگرێت، مەترسییەکە لە داهاتوودا کەرکووک، شنگال و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەش دەگرێتەوە.