تەنیا یەک یانە لە چامپیۆنزلیگ شکۆی خولی ئیتاڵیای بەدەستەوەیە

خولی ئیتاڵیا، یاخود سێریا ئەی لە بارودۆخی ئێجگار خراپدایە، شیکەرەوان هۆکارەکە دەگەڕێننەوە بۆ قەیرانی دارایی، کە باڵی بەسەر یانەکان کێشاوە و هۆکاری سەرەکییە کە لاواز دەردەکەون.

ئاتالانتا نوێنەری ئیتاڵیایە

لە یارییەکانی هاتنەوەی پاشکۆی گەیشتن بە قۆناغی 16، تەنیا یانەی ئیتاڵی کە سەرکەوتنی بۆ قۆناغی 16ـی چامپیۆنزلیگ بەدەستهێناوە، تەنیا ئاتالانتایە، هیچ یانەیەکی دیکەی ئیتاڵی لە خولەکە نەماوەتەوە.

وەرزی ڕابردوو پێنج یانەی ئیتاڵی لەقۆناغی خولی چامپیۆنزلیگدابوون، ئەمساڵ هەریەکە لە یانەکانی ئینتەرمیلان، یوڤێنتۆس و ناپۆلی کرانە دەرەوە.

ناپۆلی لە قۆناغی کۆمەڵەکان بارودۆخی خراپ بوو نەیتوانی تەنانەت بگاتە پاشکۆی 16، بۆیە کرایە دەرەوە وەکو یەکەم یانەی ئیتاڵی.

پاشان هەریەکە لە یانەکانی ئاتالانتا، یەڤێنتۆس و ئینتەرمیلان ناجاربوون یاریی هاتن و چوونی پاشکۆی قۆناغی 16 ئەنجامبدەن، بەڵام تەنیا ئاتالانتا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، کاتێک لە هەردوو یارییەکە لە دۆرتمۆندی ئەڵمانی بردەوە.

قەیرانی دارایی خولی ئیتاڵیای کوشتووە

ساڵ دوای ساڵ بارودۆخی دارایی یانەکانی ئیتاڵیا هۆکارە بۆ ئەوەی لە خولە گەورە ئەورووپییەکان رۆڵیان کەم ببێتەوە، یانەکان بەهۆی نەبوونی داراییەکی پێویست ناتوانن بە دڵی خۆیان، خۆیان لە قەرزەکان ڕزگاربکەن، یاخود گرێبەستی گەورە ئەنجامبدەن و تیمێکی گەورە و ڕێکخراو بونیادبنێن.

ئەم قەیرانە داراییە قووڵە، لە دوای ساڵی 2010ـەوە خولی ئیتاڵیای گرتەوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، بەڵام کاریگەری بە ئاشکرا لەم پێنج ساڵەی ڕابردوو دیارە.