ژمارەیەک شۆفێرى بارهەڵگر لە بازگەى چیمەن گردبوونەوە
ژمارەیەک شۆفێرى بارهەڵگر لە بازگەى چیمەن گردبوونەوە، بەشێکیان قسەیان بۆ مایکى کەناڵ8 کردووە و دەڵێن، لە بازگەکە بڕەپارەیەکى زۆریان لێوەردەگیرێت و ناتوانن بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بگوازنەوە ناو شارى کەرکووک.
وەرگرتنی پارە بە ناوی سۆنەر
شۆفێرى بارهەڵگرەکان دەڵێن، کاتێک چەند تۆنێک سەوزە و میوە لە دەرەوەى کەرکووک دەگوازنەوە ناو شارەکە، بڕە پارەیەکیان بە ناوى سۆنەر لێوەردەگیرێت، لەپاش ئەوە بڕێکى دیکە پارەیان لێوەردەگیرێت وەک ئەوەى کە بەرهەمەکە لە دەرەوە هاوردەکرابێت.
داوای چارەسەر لە پارێزگاری کەرکوک دەکەن
شۆفێرى بارهەڵگرەکان لە ڕێگەى کەناڵ8ەوە داوادەکەن پارێزگارى کەرکووک کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات و دەڵێن، ئێمە چەند خێزانێکین بژێویمان لەسەر ئەوەیە ئەو بەرهەمانە دەگوازینەوە ناو کەرکووک، بەڵام ئێستا دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە واز لەکارەکانیان بهێنن و دەشڵێن" بژێویى ژیانى هەندێکمان لەوپەڕى خراپیدایە.
مامەڵەی حکومەت لەگەڵ کاڵاکانی هەرێمی کوردستان
حکومەتى فیدراڵ بڕیاریداوە ئەو کاڵا و بەرهەمانەى لە هەرێمى کوردستانەوە دەچنە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵ، ئەگەر لەڕێگەى کۆمپانیاى تۆمارکراوى فەرمى نەبێت کە ساڵانە باج دەداتە حکومەت، ئەوا مامەڵە لەگەڵ ئەو بەرهەمانە دەکرێت وەک ئەوەى لە دەرەوەى عێراقەوە هاوردەکرابن.
26/02/2026