بەشێک لە گرووپەکانى نزیک لە تورکیا لە سەرێکانى کشانەوە
ئەمڕۆ لە ڕۆژئاواى کوردستان بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانى نزیک لە تورکیا لە سەرێکانى لەگەڵ چەند کارمەندێکى شارستانیى ئەو وڵاتە شارۆچکەکەیان بەجێهێشت.
لە کاتێکدا گەمارۆی سەر کۆبانێ بەردەوامە
هەر ئەمڕۆ شاندێکى ئاسایشى دیمەشق و بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر چوونەتە تەل براک بەمەبەستى ئاساییکردنەوەى دۆخەکە، ئەمە لەکاتێکدایە هێشتا گەمارۆی سەر کۆبانێ بەردەوامیی هەیە.
کشانەوەکە بەشێک لە هێزەکانی تورکیاشی تێدا بووە
لە پێشهاتێکى نوێدا، بەشێک لە هێزەکانى تورکیا لەگەڵ فەرمانبەرانى نووسینگەى هەماهەنگیى تورکیا شارۆچکەی سەرێکانییان بەجێهێشت و نووسینگەکەشیان داخست، لەگەڵ ئەمانیشدا چەند ئۆتۆمبێلێکى گرووپە چەکدارەکانى نزیک لە تورکیا بەرەو ڕەققە و سڕین ڕۆشتوون.
هێزێکی هاوبەشی ئاسایش دەچێتە سەرێکانی
بەگوێرەى ڕێککەوتنى هەردوولا، چاوەڕواندەکرێت هێزێکى هاوبەشى ئاسایش بچێتە سەرێکانی بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى ناوچەکە و گەڕانەوەى ئاوارەکان.
هاوکات شاندێکى هاوبەشى ئاسایش سەردانى شارەدێیەکانى تەل براک و تەل حەمیسیان کردووە و لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڵاتییانى ناوچەکە کۆبوونەوە.
100 هەزار ئاوارە لەناو کۆبانێدان
سەبارەت بە دۆخى کۆبانێش، کەناڵ8 زانیویەتی دۆخى کۆبانێ لەوپەڕى خراپیدایە، 100 هەزار ئاوارە لەناو کۆبانێدان، 36 قوتابخانە پڕبووە لە ئاوارە، خواردن بەتەواوى کەمبووەتەوە و سووتەمەنیش کەمبووەتەوە و بە دەگمەن دەستدەکەوێت.
26/02/2026