وەزارەتى کشتوکاڵ: بەرهەمى کێڵگە پەلەوەرییەکان لەژێر چاودێریدایە
وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان، لەبارەى ئەو هەڵمەتە میدیاییەى لەسەر مریشکى کێڵگە پەلەوەرییەکان دروستبووە، هاونیشتمانییان دڵنیا دەکاتەوە، بەرهەمى کێڵگە پەلەوەرییەکانى هەرێمى کوردستان لەژێر چاودێریدایە، دووپاتیشیدەکاتەوە، ئەو کەسانەى دەرمانى قەدەغەکراویان بەکارهێناوە، دەستگیرکراون.
گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی
وەزارەتى کشتوکاڵ لە ڕاگەیێنراوێکیدا دەڵێت، لەماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا بە گرنگیدان بە سێکتەرى پەلەوەر، توانییان بگەنە ئاستى خۆبژێوى و هەنگاویش بنێن بۆ هەناردەکردنى، بەڵام لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا بڵاوبوونەوەى دەنگۆى بەکارهێنانى دەرمانى ڤاکسینى قەدەغەکراو کاریگەریی نەرێنى خستووەتە سەر دۆخى ئابووریى خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان و دڵە ڕاوکێی لاى هاونیشتمانییانیش لە بەکارهێنانى گۆشتى مریشک دروستکردووە.
دەستگرتن بەسەر دەرمانی قەدەغەکراو
وەزارەتى کشتوکاڵ ڕاشیگەیاندووە، بۆ دڵنیابوون لە کوالێتیى بەرهەمى ناوخۆ، لیژنەکانى بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتەرنەرى بەهاوبەشى لەگەڵ سەندیکا و لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامییەتەکان لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، ڕاسپێردراون بەچڕکردنەوەى بەدواداچوونەکان و دەستگرتن بەسەر هەر جۆرە دەرمانێکى قەدەغەکراو.
دوای پشکنین پاشان مریشک دەخرێتە بازاڕەوە
وەزارەتى کشتوکاڵ لە ڕاگەیێنراوەکەیدا دووپاتیدەکاتەوە، ئەو کەسانەى دەرمانى قەدەغەکراویان بەکارهێناوە دەستگیرکراون، قسەى ئەو کەسانەش ڕەتدەکاتەوە کە باس لە خراپیى بەکارهێنانى مریشکى کێڵگە پەلەوەرییەکان دەکەن، سەرجەم هاونیشتمانییان دڵنیادەکاتەوە دواى پشکنین ئینجا بەرهەمی مریشک دەخرێتە بازاڕەوە.
26/02/2026