تاوەکو ئێستا یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ جێبەجێنەکراوە؛ ساڵێک بەسەر پەسەندکردنیدا تێپەڕیوە
دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دەرچوونی، تاوەکو ئێستا یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان جێبەجێنەکراوە.
یاساکە لە 2025 پەسەند کرا
ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، لە دانیشتنی ڕۆژى 21ـی کانوونی دووەمی 2025، یاسای گەڕاندنەوەی موڵکى بۆ خاوەنەکانیان پەسەندکرد، کە بەهۆی چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشەوە، لە سەردەمى بەعسدا لێیان زەوتکرابوو.
یاساکە وابەستەی یاسای هەمواری لێبوردنی گشتی و باری کەسی کرابوو
پەسەندکردنی ئەم یاسایە وابەستەی هەموارى یاساکانی لێبووردنی گشتی و یاسای باری کەسیی کرابوو، پێش پەسەندکردنی چەند جارێکی دیکە خرابووە کارنامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، بەڵام بەهۆی فشارى پەرلەمانتارانی سوننەوە، نەخرایە دەنگدانەوە.
سەرۆککۆمار یاساکەی واژۆکرد
ڕۆژی 13ـى شوباتى 2025 ، لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق واژۆى لەسەر کرد، ڕۆژی 18ـى شوباتیش لە ڕۆژنامەى وەقائیعى عێراق بڵاوکرایەوە، دواتر دادگاى فیدراڵى هەموو ئەو سکاڵایانەى ڕەتکردەوە کە لەسەر پەسەندکردنى هەرسێ یاساکە تۆمارکرابوون.
لیژنە بۆ چاودێریی یاساکە
ڕۆژى 15ـى ئازارى 2025، وەزارەتی دادی عێراق، لیژنەیەکی بۆ چاودێریی یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان پێکهێنا، کە پێکهاتبوو لە نوێنەرى ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەندامێتیى وەزارەتەکانی دارایی، داد و کشتوکاڵ و پارێزگای کەرکووک، ئەرکی لیژنەکە ئامادەکردنی ڕەشنووسێکی ڕێنمایی دەبێت بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاساکە.
یاساکە لە پێنج ماددە پێکدێت
ئەم یاسایە لە پێنج ماددە پێکدێت و ئامانجی گەڕانەوەی ئەو موڵکانەیە بەهۆی چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە لە خاوەنەکانیان زەوتکراوە.
هەشت بڕیاری بەعس هەڵوەشێنراونەتەوە
یاساکە هەشت بڕیارى ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش هەڵدەوەشێنێتەوە، کە لەنێوان ساڵانی 1975 تاوەکو 1979 دەرکراون، هەشت بڕیاریان تایبەتە بە پارێزگای کەرکووک و دوو بڕیاری دیکەیان تایبەتن بە پارێزگای دیالە.
یاساکە و پرسی قەرەبووکردنەوە
بەگوێرەى یاساکە، ئەو زەوییانەی خاوەنەکانیان قەربوویان وەرگرتووە، یان بۆ وەزارەتەکانی نەوت و بەرگریی تەرخانکراون لە خشتەی هاوپێچدا، ناگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان. ئەو زەوییانەی پێشتر لەلایەن دەستەی داوای موڵکایەتییەوە بڕیاریان تیادا دراوە یاخود بۆ بەرژەوەندیی گشتیی تەرخانکراون، یاخود بەگوێرەى یاسای قەرەبووکردنەوەی موڵکی زیانلێکەوتووانی سەردەمی رژێمی پێشوو، ساڵی 2010 بڕیاریان لەسەردراوە.
قەرەبووکردنەوەکە چۆنە؟
بەگوێرەى یاساکە، ئەو جووتیارانەی لەلایەن رژێمی پێشووەوە زەوییە زەوتکراوەکانیان پێدراوە، قەرەبوو دەکرێنەوە بەمشێوەیە:
یەکەم: ئەنجامدانی گرێبەستی کشتوکاڵی لە پارێزگای کەرکووک، بۆ ئەو جووتیارانەی پێش دەرچوونی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لەو پارێزگایە نیشتەجێبوون.
دووەم: ئەنجامدانی گرێبەستی کشتوکاڵی لە پارێزگای رەسەنی جوتیار، ئەوانەی لە ڕێکەوتى دەرچوونی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کەرکووک نیشتەجێنەبوون.
سێیەم: بەهای ئەو باڵەخانە و کشتوکاڵ و بیر و ئامرازانەی دروستکراون، بە بەهای رۆژ هەژمار دەکرێت.
27/02/2026