عەباس عێراقچی بۆ فوئاد حوسێن: ئێران بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکاتە ئامانج
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران دوایین پێشهاتە سەربازییەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن؛ عەباس عێراقچی ڕایدەگەیەنێت هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی بەرگری لە خۆدایە و فوئاد حسێنیش جەخت لە پێویستیی گفتوگۆ دەکاتەوە.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی وەزیرانی دەرەوە
ئەمڕۆ شەممە 28-2-2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەیەوە پێگەیشت. لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا باسیان لە دوایین پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناو ئێران و ناوچەکە بە گشتی کرد، کە دوای دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هاتنە ئاراوە.
هەڵوێستی ئێران لەبارەی ئامانجەکان
عەباس عێراقچی جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی مافی بەرگری لە خۆی هەیە و هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لەو چوارچێوەیەدایە. عێراقچی ئاماژەی بەوەش دا، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک هیچ وڵاتێکی ناوچەکە ناکاتە ئامانج و تەنیا ئەو بنکە سەربازییانەی ئەمریکا دەپێکن کە لە ناوچەکەدا جێگیرکراون.
داواکاریی عێراق بۆ دانبەخۆداگرتن
لای خۆیەوە فوئاد حوسێن جەختی لە هەڵوێستی فەرمیی عێراق کردەوە کە دژی زیادکردنی هێرشە سەربازییەکانە. وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە شەڕ کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو باشترین ڕێگەچارە بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچەکە، پەنابردنە بۆ گفتوگۆ و دانبەخۆداگرتن لە لایەن هەموو لایەکانەوە.
28/02/2026