شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق کوژرانی دوو چەکداری لە هێرشەکەی جرف سەخری بابل راگەیاند
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ناوچەی جەرف سەخر لە پارێزگای بابل کرایە ئامانجی چەند هێرشێکی ئاسمانى و بەهۆیەوە 2 کەس کوژران و 3ی دیکەش برینداربوون؛ بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی عێراقیش هۆشداری لە تێوەگلانی وڵاتەکە لە جەنگی ناوچەکە دەدەن.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی: 2 کەس کوژراون و 3ی دیکەش برینداربوون
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، کاتژمێر 11:50ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، ناوچەی جرف نەسر (جەرف سەخر) لە باکووری پارێزگای بابل بەر چەندین هێرشی ئاسمانی کەوتووە. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی شانەکە، لە ئەنجامی هێرشەکاندا 2 کەس کوژراون و 3ی دیکەش برینداربوون، بەڵام تاوەکو ئێستا ناسنامەی کوژراوەکان و لایەنی ئەنجامدەر بە فەرمی رانەگەیەندراوە.
حوسێن شەیحانی: عێراق بە نافەرمی چووەتە نێو جەنگەوە
حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، کردنە ئامانجی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە جەرف سەخر بە ئاماژەیەکی مەترسیدار وەسف دەکات. شەیحانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم جۆرە هێرشانە نیشانەی ئەوەن عێراق بە شێوەیەکی نافەرمی بووەتە بەشێک لەو جەنگەی لە ناوچەکەدا لە ئارادایە.
عەبدولرەحمان جەزائیری: ئەگەری هێرشکردنە سەر گرووپە چەکدارەکان 100%ـە
عەبدولرەحمان جەزائیری، سەرکردە لە حەشدی دیفاع لە وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، عێراق بەشێکە لەو گرژییانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە. جەزائیری پێیوایە ئەو گرووپە چەکدارانەی لە دەرەوەی سیستمی ئەمنیی عێراقدان و پشتیوانی لە ئێران دەکەن، لە هەر ئان و ساتێکدا ئەگەری هێرشکردنە سەریان 100%ـە، چونکە پێشتریش ئەمریکا لەو بارەیەوە هۆشداریی داوەتە عێراق.
هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بەغدا بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە جەنگ
حکومەتی عێراق لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە تاوەکو رێگری بکات لەوەی وڵاتەکە زیاتر تێوەگلێت لە ململانێ سەربازییەکان. بەپێی وتەی بەرپرسانی سەربازی، بەغدا تەواوی هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی عێراق لەو جەنگە دوور بێت و دۆخەکە بەرەو هێوربوونەوە ببرێت، چونکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە شەڕ نابێتە مایەی سەقامگیری بۆ وڵات.
پێگەی ستراتیژیی ناوچەی جەرف سەخر
ناوچەی جەرف سەخر لە باکووری پارێزگای بابل وەک ناوچەی هەژموونی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دادەنرێت. ئەم ناوچەیە پێشتریش چەندین جار لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج، ئەمەش بەهۆی پێگە ستراتیژییەکەی و بوونی بنکەی سەربازیی گرووپەکانی سەر بە بەرەی "موقاوەمە" لەو سنوورەدا.
28/02/2026