تاران:ئەمریکا سەلماندی کە پابەندی بەڵێنەکانی نییە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماری قوربانییانی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، تەنیا لە بۆردوومانی قوتابخانەیەکدا 150 کچە قوتابی گیانیان لەدەستداوە، هاوکات واشنتن بە "لەباربردنی دیپلۆماسی" تۆمەتبار دەکات.
گیانلەدەستدانی 150 کچە قوتابی
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمڕۆ شەممەی ئەمریکا و ئیسرائیل "تاوانی جەنگ و کردەوەی تیرۆریستیین". ناوبراو ئاشکرای کرد کە کارەساتێکی مرۆیی لە شاری میناب ڕوویداوە و بەهۆی بۆردوومانی قوتابخانەیەکەوە، نزیکەی 150 کچە قوتابی گیانیان لەدەستداوە.
لەباربردنی دیپلۆماسی
بەقایی ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی کۆشکی سپی گرت و ڕایگەیاند، ئەمە سێیەم جارە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا ئەمریکا هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەباردەبات و سەلماندی کە پابەندی بەڵێنەکانی نییە. ئاماژەی بەوەش دا کە تاران بە چاوکراوەیی دانوستانی کردووە بۆ ئەوەی هیچ پاساوێک نەداتە دەستەوە، بەڵام ئەمریکا پرسی ئەتۆمی کردە بیانوویەک بۆ هێرشکردن.
کێشەی ئێران لەگەڵ کێیە؟
لە کۆتایی قسەکانیدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، کێشەی ئەوان لەگەڵ گەلی ئەمریکا نییە، بەڵکو کێشەکە لەگەڵ حکوومەتی ئەمریکایە کە سیاسەتێکی دوژمنکارانەی بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی گرتووەتەبەر.
28/02/2026