ماڵپەری ئەکسیۆس پلانی کوشتنی خامنەیی بڵاوکردەوە

عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران
عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران

لە کاتێکدا کە هەڕەشەکانی ئەمریکا شان بە شانی دانوستانی واشنتن و تاران بەردەوام بوون، ماڵپەری ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ڕۆژی هەینی و ڕۆژێک بەر لە دەستپێکردنی هێرشەکان، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری شەڕی دابوو.

مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئێران

لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی ئێرانیش کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو دەستیانپێکرد، مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخی ئەو وڵاتە نموونەیەک بوو بۆ سیاسەتەکانی ترەمپ، کە بەچەندین گۆڕانکاری و بەرزی و نشێویدا تێپەڕی.

گەورەترین هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل

سیاسەتی ترەمپ فاکتەرێکی ستراتیجی بوو کە گەورەترین هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلی بەدواداهات، دژى سەرکردایەتی باڵای ئێران.

هەوڵەکانی نەتانیاهوو بۆ ڕازیکردنی ترەمپ

گۆڕانکاریی لە سیاسەتەکانى ترەمپ و هەوڵەکانى نەتانیاهوو بۆ ڕازیکردنى ترەمپ بۆ بەئامانجگرتنى خامنەیی، بووەهۆى دروستبوونى شەڕەکە و پێکانى ئامانجەکەیان.

باراندنی بۆمبەکانی ئیسرائیل

لەبارەى ئامانجە هاوبەشەکەى ترەمپ و نەتانیاهووەوە، ماڵپەڕە ئەمریکییەکە دەڵێت، کاتێک عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵاى ئێران، ڕۆژی شەممە لەگەڵ ڕاوێژکارە باڵاکانی لە بارەگای سەرەکی خۆى لە تاران کۆبووەوە، بۆمبی ئیسرائیلی بەسەر سەریاندا دابارى.

پلانی هێرشی هاوبەش

بەگوێرەی ئەکسیۆس، پلانی هێرشی هاوبەش دژی ئێران لە کۆتایی کانوونی یەکەمی 2025 داڕێژراوە، کاتێک نەتانیاهوو سەردانی ئەمریکای کرد، ئەو کاتەش سەرەتای خۆپیشاندانەکانی ئێران بوو.

تاوتوێی هێرشەکانی ساڵی ڕابردوو

لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ ترەمپ، هەردوولا تاوتوێی هێرشەکانی مانگی حوزەیرانی 2025یان کرد، لە دژى ئێران کە تیایدا ناوەندە ئەتۆمییەکانى نەتەنز و فۆردۆ و بوشەهر لەو وڵاتە تێکشکێنرا.

قۆستنەوەی هەلی خۆپیشاندانەکانی ئێران

دوای سەردانەکەی نەتانیاهوو و زیادبوونی ژمارەی کوژراوەکان لە خۆپیشاندانەکانی ئێران، ترەمپ ئەمەی وەک هەل قۆستەوە و پۆستێکی لە ترووس سۆشیال بڵاوکردەوە و گووتى، "یارمەتی بەڕێوەیە" و داوای لە خۆپیشاندەران کرد کۆنترۆڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت بکەن.

نزیکبوونەوە لە بڕیاری هێرشکردن

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، لە 14ـی کانوونی دووەمی رابردوو، ترەمپ نزیک بوو بڕیار بدات هێرش بکاتە سەر ئێران، بەڵام پەشیمان بووەوە و بڕیاری دا هێزێکی سەربازیی گەورە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنێرێت و لەو کاتەوە بە نهێنی پلانی ئۆپراسیۆنی هاوبەش دژی ئێران دەستپێکردووە.

سەردانی لێپرسراوانی مۆساد بۆ واشنتن

دوای ئەوەش سەرۆکى دەزگاى هەواڵگریی ئیسرائیل ناسراو بە مۆساد، دوو جار سەردانی واشنتنی کرد و بەدوایدا سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سەربازی و سەرۆک ئەرکانی ئیسرائیلیش سەردانی ئەمریکایان کرد و کاریان لەسەر پلانى هێرشى 28ـى شوبات کرد.

فشاری سەربازیی بۆ سەر تاران

هاوتەریب لەگەڵ پلانە هاوبەشەکانى واشنتن و تەلئەڤیڤ، ترەمپ فشاری سەربازیی خستە سەر تاران بۆ ڕازیبوون بە ڕێککەوتنەکە و قبووڵکردنی مەرجەکانی واشنتن. لە سەرەتای مانگی شوباتدا، نوێنەرانی هەردوولا، ناڕاستەوخۆ لە عوممان کۆبوونەوە، بەڵام چەند ڕۆژێک دواتر نەتانیاهوو جارێکی دیکە سەردانی واشنتنی کرد بۆ تاوتوێکردنی هێڵە سوورە هاوبەشەکان، لە دانوستانەکانى عوممان و لە ئەگەری شکستی دانوستاندنەکاندا. ئەوا ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپراسیۆنێکى سه ربازیی هاوبەش له دژی ئێران ئەنجام دەدەن.

گومانی لێپرسراوانی ئەمریکا

هەر لە سەرەتای گفتوگۆکانەوە، هەردوو نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، گومانیان هەبوو لەوەی ئەمریکا و ئێران بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام سێ بەرپرسی ئەمریکی و ئیسرائیلى بە ئەکسیۆسیان ڕاگەیاند،دانووستانەکان بۆ هەڵخەڵەتاندنی ئێران نییە.

گەیشتن بە ڕێککەوتن

کاربەدەستێکی ئەمریکیش گوتی، ترەمپ دەیەوێت لەگەڵ تاران بگاتە ڕێککەوتن و بە ئاشکرا بە بەرپرسانی ئێرانی گوتووە، ئەگەر هەنگاوی جددی نەنرێت، هێرشی سەربازیی دژی ئێران ئەنجام دەدرێت.

کۆبوونەوەی لوتکەی ژنێڤ

هەفتەیەک پێش کۆبوونەوەی لووتکەی جنێڤ کە پێنجشەممەی ڕابردوو بەڕێوەچوو، واشنتن و تەلئەڤیڤ ڕێککەوتن لەسەر کاتی دەستپێکردنی هێرشەکە بۆسەر ئێران کە ڕۆژی شەممە 28ـی شوبات بێت، ئەویش لە کاتی کۆبوونەوەی عەلی خامنەیی لەگەڵ ڕاوێژکارە باڵاکانی لە بارەگای سەرەکی خۆی لە تاران، کە دەزگاى هەواڵگریی هەردوو وڵات کات و شوێنى کۆبوونەوەکەیان زانیوە و پلانەکەیان بە کوشتنى خامنەیی دەستپێکرد.

زانیارییەکانی ئیتلاعات

بەگوێرەى ئەکسیۆس، ئیتڵاعاتى ئێران زانیارییان بە خامنەیی دابوو، ئەگەرى کردنە ئامانجى لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەیە، بەڵام خامنەیی گوتوویەتى، هێشتا گەڕێکى دیکەى دانووستانەکانى نێوانیان لەگەڵ ئەمریکا لە جنێڤ ماوە و ئەگەرى ڕوودانى بەئامانجگرتنى دوورە.