جیاوازی نێوان هەڵامەت و هەستەوەریی وەرزی چییە؟
هەندێکجار، نیشانەکانی هەڵامەت و هەستیاریی وەرزی زۆر لە یەک دەچن، کەسی توشبوو نازانێت ئایا بە هۆی ڤایرۆسەوە تووشی هەڵامەت بووە یان هەستیاریی هەیە.
هەستیاریی وەرزی، کاردانەوەی جەستەیە بۆ ماددەیەکی دەرەکی، کە دەکرێت لە ماڵەوە یان دەرەوە بێت.
هەندێک ماددە، وەکو هەڵاڵە، تۆز یان ئەو پارچە وردانەی پێست کە لە ئاژەڵە ماڵییەکان دەبنەوە، مرۆڤ تووشی هەستیاریی دەکەن.
نیشانەکانی هەستیاریی وەرزی
- تەڕبوون و گیرانی لووت
- ئاولێهاتنی چاو
- خوران و سووربوونەوەی چاو
- پژمین
- کۆکە
- خورانی قوڕگ یان لووت
- هەستکردن بە لینجی لە بەشی پشتەوەی قوڕگ
- هیلاکی
سەرەکیترین هۆکارەکانی هەستیاریی وەرزی
- هەڵاڵەی درەختەکان، کە زیاتر لە بەهاردا هەیە
- هەڵاڵەی گژوگیا، کە زیاتر لە کۆتایی بەهار و هاویندا هەیە
- هەڵاڵەی چیمەن و هەرێز، کە لە پایزدا هەیە
- ئەو ماددانەی لە مۆرانە یان سیسرک لێدەبنەوە
- ئەو ماددانەی لە پێستی ئاژەڵە ماڵییەکان لێدەبنەوە
- کەڕووی ناوماڵ و دەرەوە
جیاوازیی نێوان هەستیاریی وەرزی و هەڵامەت
| دۆخ | نیشانەکان | دەستپێکی دۆخەکە | ماوەی دۆخەکە |
| هەستیاریی وەزری | ئاولێهاتنی لووت، ئاوەکە روون و بێڕەنگە، نەبوونی تا | راستەوخۆ پاش بەرکەوتنی ماددە هەستیارەکە | تاوەکوو کەسەکە بەر ماددە هەستیارەکە بکەوێت، نیشانەکانی بەردەوام دەبێت |
| هەڵامەت | ئاولێهاتنی لووت، بە ئاوێکی چڕ و زەرد، ئازاری جەستە، هەبوونی تایەکی کەم | یەک بۆ سێ رۆژ پاش بەرکەوتنی ڤایرۆسەکە، کە زۆرجار لە کەسێکی نەخۆشەوە دەگوازرێتەوە | سێ بۆ حەوت رۆژ |
لێکەوتە خراپەکانی هەستیاریی وەرزی
- خراپبوونی جۆرییەتی ژیان، لە هەندێک کەسدا دۆخەکە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای کارکردنی رۆژانە
- کەمبوونەوەی خەو، کە دەکرێت ببێتە هۆی هیلاکی و بێهێزی
- خراپبوونی رەبۆ، ئەو کەسانەی رەبۆیان هەیە، بەهۆی هەستیاریی وەرزییەوە دەکرێت نیشانەکانیان خراپتر بێت.
- هەوکردنی جیووبەکان
- هەوکردنی گوێ، بەتایبەت هەوکردنی گوێی ناوەڕاست
هەستیاریی وەرزی چۆن دەستنیشاندەکرێت؟
زۆرجار پزیشکی پسپۆر بەپرسیارکردن دەربارەی مێژووی نەخۆشیی چارەخوازەکە، دەتوانێت دۆخەکە دەستنیشان بکات. جیا لەمە دوو پشکنینی سەرەکی هەن بۆ دەستنیشانکردنی گرفتەکە:
- پشکنینی پێست: بڕێکی کەم لەو ماددانەی دەبنە هۆی هەستیاری، لەرێگەی دەرزییەکەوە دەخرێنە نێو پێستەوە، پاشان پێستەکە چاودێری دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا لیر و سووربوونەوەی تێدا دروستدەبێت یان نا. پشکنینەکە زۆرجار 15 بۆ 20 خولەک دەخایەنێت.
- پشکنینی خوێن: نموونەیەکی خوێن لە کەسی چارەخواز وەردەگیرێت، بۆ ئەوەی کاردانەوەی جەستەی کەسەکە بۆ ماددەیەکی دیاریکراو بزانرێت. پشکنینەکە بەدوای جۆرێکی تایبەتی دژەتەندا دەگەڕێت بەناوی "IgE".
چارەسەری هەستیاریی وەرزی
پسپۆڕان دەڵێن، باشترین چارەسەری دۆخەکە ئەوەیە کەسەکە لەو ماددانە دووربکەوێتەوە کە هەستیاریی پێیان هەیە. جیا لەمە، هەندێک چارەسەری تایبەت هەیە کە پزیشکان بۆ ئەو کەسانەی دەنووسن کە گرفتەکەیان هەیە. چارەسەرەکانیش ئەمانەن:
- ستیرۆیدەکان: لەرێگەی پەمپی لووت و حەبەوە
- دژەهیستامینەکان: لەرێگەی حەب، پەمپی لووت و دڵۆپی چاوەوە
- پەمپی تایبەت بە کەمکردنەوەی گیرانی لووت
09/11/2023