یاریزانە بیانییەکان ئیسرائیلیان بەجێهێشت
زۆرینەی یاریزانە بیانییەکانی خولی تۆپی پێی ئیسرائیل، بڕیاریانداوە ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، ئەوەش دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.
زۆرینەی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکانی ئیسرائیل بڵاویانکردووەتەوە، کە بەهۆی هێرشەکان و سەرهەڵدانی جەنگەوە، یاریزانە بیانییەکان بەتەواوی بایکۆتی خولەکەیان کرد و لەترسی گیانی خۆیان لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە، دەستیانکردووە بە گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیات.
خۆسێ کۆریا لە گینیا بیساو، ڤێرجل بینسۆن و ئاریست تیهی سیانەی یانەی ماکابی رینە، بەهۆی هێرشەکانەوە ئیسرائیلیان بەجێهێشتووە و نیگەرانییەکی زۆر لە وڵاتەکەدا بڵاوبووەتەوە.
لەهەمان کاتدا، فێدرینیۆ، تافارێس و سێفیریا سێ یاریزانی یانەی ماکابی ناتانیا، هەروەها فاڵکاو و چیکۆ دوو یاریزانی بەڕازیلی یانە هاپۆیل تەل ئەڤیڤ سەرەڕای خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ وڵاتی ئیسرائیل، کە منداڵەکانیان فێری زمانی عیبری کردووە، بەڵام لەبەر سەلامەتی گیانی خێزانەکانیان گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان و لە ئیسرائیل نەماون.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامییان هەبووە و بەوهۆیەوە سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکانی ئەو وڵاتە تاوەکو کاتێکی نادیار ڕاگیراوە.
02/03/2026