کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل
کۆمەڵەی فڕۆکەخانەکانی ئەڵمانیا پشتڕاستیکردەوە کە بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە هاتوچۆی ئاسمانی زیانی بەرکەوتووە و هەزاران گەشتیار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گیریان خواردووە.
هەڵوەشاندنەوەی 450 گەشتی ئاسمانی لە ئەڵمانیا
کۆمپانیای ئەی دی ڤی ڕایگەیاند، تاوەکو 5-3-2026 زیاتر لە 450 گەشتی ئاسمانی لە 8 گەورەترین فڕۆکەخانەی ئەڵمانیا هەڵوەشێندراونەتەوە. گەشتەکان بۆ شارەکانی ئەبوزەبی، عەممان، بەیروت، دۆحە، دوبەی، هەولێر، سلێمانی و تەلئەبیب ڕاگیراون، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی 135,000 سەرنشین. هەروەها داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە 30,000 کۆمپانیای گەشتیاریی ئەڵمانی لە ناوچەکەدا کاریگەریی شەڕیان لەسەر دروستبووە.
بەرزبوونەوەی نرخی غاز لە ئەوروپا بە ڕێژەی 48%
لە بازاڕەکانی ئەوروپا نرخی غاز بە ڕێژەی 48% بەرزبووەوە، ئەمەش دوای هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و مەترسیی وەستانی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز. لە پلاتفۆرمی هۆڵەندی، گرێبەستەکانی مانگی نیسان بە 47.2 یۆرۆ بۆ هەر مێگاوات کاتژمێرێک مامەڵەیان پێوەکرا، لە کاتێکدا لە 27-2-2026 نرخەکە تەنیا 31.9 یۆرۆ بووە. ئەم هەڵکشانە دوای ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی (LNG) بوو لەلایەن کۆمپانیای قەتەر ئینێرجییەوە بەهۆی هێرش بۆ سەر دامەزراوەکانی لە ڕەس لەفان و مەسەعید.
مەترسییەکانی شەڕ لەسەر دابینکردنی خۆراک
پچڕانی کەشتیوانیی دەریایی ڕێگری لە گەیشتنی کاڵا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، کە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە هاوردەکردنی خۆراک دەبەستێت. زۆرێک لە کەشتییە بارهەڵگرەکان کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن ڕاگیراون، وەک نموونە لە کاتی شەڕەکەدا لە حوزەیرانی 2025، تەواوی باری برنجی هیندستان کە بۆ وڵاتانی کەنداو دابینکرابوو، گەیشتنی ڕاگیراوە.
کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر بەرهەمهێنانی پلاستیک
بەگوێرەی شیکاریی کۆمپانیای ئارگوس، شەڕەکە هەڕەشە لە ناوەندێکی گەورەی هەناردەکردنی پۆلیمەرەکان دەکات لە ئیمارات. وڵاتانی کەنداوی عەرەبی ساڵانە تاوەکو 23 ملیۆن تۆن پۆلی ئیسیلین بەرهەم دەهێنن، کە دەکاتە 15%ـی بەرهەمی جیهانی و یەکێکە لە پلاستیکە هەرە بەکارهێنراوەکان لە جیهاندا، ئێستا هەناردەکردنی ئەم ماددەیە کەوتووەتە مەترسییەوە.
پەککەوتنی هەناردەی پەینی کیمیایی
کۆمپانیای کۆبلەر ئاماژە بەوە دەکات کە 33%ـی پەینی جیهانی، لەوانەش گۆگرد و ئامۆنیا، بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن. ئەم پێداویستییانە لە قەتەر، سعودیە و ئیماراتەوە بۆ هیندستان، چین، بەرازیل و ئەفریقا دەنێردرێن. کۆمپانیاکە دەڵێت هیچ جێگرەوەیەک بۆ کەشتیوانی لە ناوچەی کەنداو نییە و گواستنەوەی وشکانیش سنووردارە، بەرزبوونەوەی نرخی وزەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی پەین دەبێت.
ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی غاز لەلایەن کۆمپانیای شیڤرۆن
کۆمپانیای شیڤرۆن لە ڕۆژی دەستپێکردنی هێرشەکان ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی پڕۆژەیەکی گەورەی غازی سروشتی لە کەناراوەکانی ئیسرائیل ڕاگرتووە. ئەم بڕیارە لەسەر داوای حکومەتی ئیسرائیل بووە و کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەولەویەتی سەرەکییان دەستەبەرکردنی سەلامەتیی کارمەندەکانیانە لە کاتی شەڕدا.
بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوەی نەوت
شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن تێچووی گواستنەوەی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئاسیا زیاتر بەرزبێتەوە، چونکە ململانێکان وای کردووە خاوەن کەشتییەکان لە ناردنی کەشتی بۆ ناوچەکە بترسن. کۆمپانیاکانی دڵنیایی بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، تێچووی گواستنەوە لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 3 هێندە زیادی کردووە.
وەستانی بیمەی دەریایی و زیانی تانکەرەکان
کەشتیوانی لە ئاستی جیهانیدا پەککی کەوتووە و کۆمپانیاکانی بیمە ئامادە نین بیمەی کەشتییەکان بکەن بەهۆی مەترسیی جەنگ لە کەنداوی عەرەبیدا. تاوەکو ئێستا زیان بە 4 تانکەر گەیشتووە و 2 دەریاوان گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 150 کەشتی لە گەرووی هورمز و دەوروبەریدا گیریان خواردووە.
دابەزینی پێوەرەکانی وۆڵ ستریت
پێوەرە گەورەکانی وۆڵ ستریت بە دابەزین کرانەوە، کاتێک وەبەرهێنەران خۆیان بۆ ململانێیەکی درێژخایەن ئامادە کرد کە هەڕەشەی تێکدانی ڕێگاکانی بازرگانی و بەرزکردنەوەی هەڵاوسان دەکات. لە دوایین ئامارەکاندا، داو جۆنز 183.5 خاڵ، S&P 500 بە ڕێژەی 54.5 خاڵ و ناسداک 346 خاڵ دابەزینیان بەخۆیەوە بینیوە.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ 5,410 دۆلار
بەهۆی پەرەسەندنی ترسی درێژخایەنی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە ڕێژەی 2% بەرزبووەوە و گەیشتە 5,410 دۆلار، کە وەبەرهێنەران وەک پەناگەیەکی ئارام پەنای بۆ دەبەن.
03/03/2026